سوپای ئیسڕائیل داوای لە نزیکەی 1 ملیۆن هاووڵاتی فەڵەستینی غەززە کرد باکووری غەززە چۆڵ بکەن و بەرەو بەشی باشووری شارەکە بڕۆن، ئەمەش پێش لەشکرکێشییە پێشبینیکراوەکەی ئیسڕائیل دژی گروپی چەکداریی حەماسی فەرمانڕەوا لە غەززە.
نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریدا و وتی ئەو ژمارە زۆرەی هاووڵاتییان کە هەڵدێن تەنها 24 کاتژمێرییان دراوەتێ بۆ هەڵاتن، کارەسات دەبێت. حەماسیش لەلای خۆیەوە داوای لە خەڵکەکە کرد لە شوێنی خۆیان بمێننەوە و داواکەی ئیسڕائیلی وەکو فێڵێک ناوبرد.
فەرمانی چۆڵکردنەکە، کە شاری غەززەش دەگرێتەوە کە سەدان هەزاران فەڵەستینی تێدا دەژی، ترس و دڵەڕاوکێیەکی بەرفراوانی لە نێو هاووڵاتیانی مەدەنی و کارمەندانی ڕێکخراوە مرۆییەکاندا خستەوە کە لە ئێستادا لە دەست هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیل هەڵدێن، لە کاتێکدا کە ئیسڕائیل بە تەواوەتی گەمارۆی غەززەی داوە.
نیبال فەرسەخ وتەبێژی مانگی سووری فەڵەستینییەکان لە شاری غەززە وتی "واز لە خۆراک و کارەبا و سوتەمەنی بێنە، لە ئێستادا تەنها نیگەرانی ئەوەیە کە ئایا لە ژیاندا دەمێنیتەوە یاخود نا."
تاوەکو ئێستا بەهۆی جەنگەکەوە 2800 کەس لە هەردوولا کوژراون. لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا ئیسڕائیل لەلایەکی دیکەشەوە وەڵامی هێرشەکانی حیزبوڵای لوبنانی دایەوە، ئەمەش ترسێکی دروستکردووە لە پەرەسەندنی شەڕەکە.
لە دوای هێرشەکەی حەماسەوە کە کردییە سەر باشووری ئیسڕائیل و سەدان کەسی بە منداڵانیشەوە لە ناو ماڵەکانی خۆیاندا کوشت و چەندین گەنجییان لە ئاهەنگە میوزیکەکەدا کوشت، ئیسڕائیل بەردەوام هێرشی ئاسمانی دەکاتە سەر غەززە. چەکدارانی حەماس لە هێرشەکەیاندا نزیکەی 150 کەسییان ڕفاند و ڕایانکێشان بۆ ناو غەززە.
حەماس وتی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیل بوونەتە هۆی کوژرانی 13 کەس لە بارمتەکان. وتیشی ئەوانەی کوژراون بیانیشییان تێدایە.
وتەبێژی سوپای ئیسڕائیل ئەدمیڕاڵ دانیێڵ هاگاری ئەوەی ڕەت کردەوە، بە کەناڵی ئەل جەزیرەی وت "زانیاری خۆمان لایە و باوەڕ بە درۆکانی حەماس ناکەین."
ڕۆژی پێنجشەممە ئیسڕائیل ڕایگەیاند ڕێگە نادات هیچ پێویستییەک بچێتە ناو غەززەوە هەتاوەکو حەماس بارمتەکان ئازاد نەکات.
سوپای ئیسڕائیل داوای لە هاووڵاتیانی مەدەنی غەززە کردووە باکووری شارەکە چۆڵ بکەن و بچن بۆ باشوور، نەتەوە یەکگرتووەکان وتی ئەو فەرمانەی ئیسڕائیل 1.1 ملیۆن کەس دەگرێتەوە، ئەگەر جێبەجێ بکرێت ئەوا مانای ئەوەیە دانیشتوانی سەرانسەری شارەکە هەموویان لە باشووری شارەکەدا دەبن کە تەنها 40 کم درێژە.
ئیسڕائیل دەڵێت پێویستییەتی ژێرخانی سەربازیی حەماس بکاتە ئامانج، کە زۆربەیان لە ژێر زەویدان. وتەبێژێکی دیکەی سوپای ئیسڕائیل جۆناتان کۆنریکوس وتی سوپا " هەوڵێکی زۆر دەدات بۆ خۆبەدوورگرتن لە زیانگەیاندن بە هاووڵاتیانی مەدەنی " و دانیشتوانی شارەکەش دوای تەواوبوونی جەنگەکە ڕێگەیان دەدرێت بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان.
چەکدارانی حەماس لە ناو شوێنەکانی هاووڵاتیانی مەدەنیدان، ئیسڕائیل لە مێژە تۆمەتباریکردوون بە تۆمەتی بەکارهێنانی هاووڵاتیانی مەدەنی وەکو زریپۆشی مرۆیی. ئەگەر هاووڵاتیانی سڤیل بە کۆمەڵ ناوچەکە چۆڵ بکەن، ئەوا چەکدارانی حەماس بە تەواوەتی ئاشکرا دەبن، بە شێوەیەک کە پێشتر ڕووینەداوە.
بەڵام وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکا ستێفان دوجاریک وتی مەحاڵە ئەو چۆڵکردنە "بەبێ دەرەنجامێکی ڕووخێنەری مرۆیی" جێبەجێ بکرێت. داوای لە ئیسڕائیل کرد لەو فەرمانەی پاشگەز ببێتەوە و وتی ئەوە دەکرێت "ئەم تراجیدیایەی کە ئێستا هەیە بیگۆڕێت بۆ دۆخێکی کارەساتاوی."
هاوکات حەماس داوای لە خەڵکەکە کرد لە ماڵەکانییاندا بمێننەوە و وتی "ئیسڕائیل هەوڵ دەدات بێسەروبەری لەنێو دانیشتواندا دروست بکات و زیان بە یەکگرتوویی بەرەی ناوخۆییمان بگەیەنێت." هەروەها داوای لە فەڵەستینییەکان کرد فەرمانەکە پشتگوێ بخەن و وتی "شەڕی دەروونییە."
سەرچاوە/ AP