Accessibility links

ناتانیاهو دەڵێت " بەمزووانە " سەردانی بەحرەین دەکات


سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو وتی لەسەر داوای شازادەی جێنشینی بەحرەین سەلمان ئال خەلیفە " بەمزووانە " سەردانی بەحرەین دەکات.

بەحرەین بە هەمان شێوەی ئیماڕات بە نێوەندگری ئەمەریکا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسڕائیلدا ئاساییکردەوە، بەڵام ئەم کارەی بەحرەین و ئیماڕات فەڵەستینیەکانی توڕە کرد کە داوای سەربەخۆیی دەکەن پێش هەر نزیکبوونەوەیەکی نێوان وڵاتانی ناوچەکە و ئیسڕائیل.

ناتانیاهو لە بەیاننامەیەکدا وتی لەڕێی تەلەفونەوە قسەی لەگەڵ شازادەی جێنشینی بەحرەیندا کردووە و " هەردووکمان بەپەرۆشەوەین بۆ چنینەوەی بەرهەمی ئاشتی بۆ گەل و وڵاتەکانمان، بۆیە شازادە سەلمان بانگهێشتی کردم بەمزووانە بە سەردانێکی فەڕمی بڕۆم بۆ بەحرەین و خۆشحاڵم کە ئەوە دەکەم."

ڕۆژی چوارشەممەی هەفتەی ڕابردوو یەکەمین شاندی ئیسڕائیل سەردانی بەحرەینی کرد.

بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ نێوەندگری کرد لە ڕێکەوتنەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسڕائیل لەگەڵ هەریەک لە بەحرەین و ئیماڕات و سوداندا، ڕۆژی دووشەممەش شاندێکی ئیسڕائیل بۆ یەکەمین جار سەردانی سودانیان کرد.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG