Accessibility links

سەرۆکی ئیسڕائیل هەوڵ دەدات ڕێگری لە ' قەیرانێکی دەستووری ' بکات بەهۆی چاکسازییەکان لە دەسەڵاتی دادوەریدا

سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو
سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو

سەرۆکی ئیسڕائیل هۆشداریدا و وتی وڵاتەکە ڕووبەڕووی " قەیرانێکی دەستووریی مێژوویی " بۆتەوە بەهۆی پلانی حکومەتی نوێی ئیسڕائیل بۆ ئەنجامدانی چاکسازی لە دەسەڵاتی دادوەریدا، وتیشی نێوەندگری دەکات لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکاندا.


سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو دەیەوێت بەسەر دادگای باڵای ئیسڕائیلدا زاڵ ببێت، کە ئەندامانی هاوپەیمانێتییە نەتەوە پەرست و ئاینییەکەی بە فێڵکردن و خۆبەزلزانین تۆمەتبارییان کردووە.

نەتانیاهو و هاوپەیمانەکانی لە حکومەتەکەدا دەیانەوێت دەسەڵاتێک بدەن بە پەرلەمانی وڵاتەکە کە بتوانێت بەسەر بڕیارەکانی دادگای باڵای ئیسڕائیلدا زاڵ ببێت، هەر ئەم پلانەش بووە هۆی ئەوەی ڕۆژی شەممە خۆپیشاندان لە ئیسڕائیل بەڕێوەبچێت و خۆپیشاندەران ناڕەزاییان دژی ئەو پلانە دەربڕی.

ئەوانەی کە دژایەتی پلانەکە دەکەن و خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، دەڵێن پلانەکە سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری لە ناو دەبات و پەرە بە گەندەڵی دەدات و مافی کەمینەکان دوادەخات و دادگاکانی ئیسڕائیل لە متمانە پێکردنیان بێبەش دەکات، کە یارمەتیدەرن لە بەرپەرچدانەوەی تۆمەتەکانی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لە دەرەوەی وڵات.

سەرۆکی ئیسڕائیل ئیسحاق هێرزۆگ لە بەیاننامەیەکدا وتی " ئێمە لە چنگی ناکۆکییەکی گەورەداین کە گەلەکەمان لە یەک جیا دەکاتەوە. ئەم ململانێیە زۆر نیگەرانم دەکات، زۆرێکی دیکەش لە سەرانسەری ئیسڕائیل و ڕەوەندی جووەکان نیگەران دەکات."

هێرزۆگ کە هیچ دەسەڵاتێکی جێبەجێکاری نیە و پۆستەکەی تەنها بۆ ئەوەیە زۆرجار کۆمەڵگە دابەشبووەکەی ئیسڕائیل یەکبخاتەوە، وتی " لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکاندا ماندونەناسانە کار دەکات و هەوڵی تەواو دەدات، ئەوەش لە پێناو گفتوگۆ و دیالۆگێکی بەرفراوان و سەرنجڕاکێش و ڕێزدار."

وتی " ئێستا سەنگم خستۆتە سەر دوو ڕۆڵی هەستیار کە باوەڕم وایە لەم کاتەدا وەکو سەرۆک بەرپرسم لێیان: ڕێگریکردن لە قەیرانێکی دەستووری مێژوویی و ڕاگرتنی ململانێ بەردەوامەکەی نێو گەلەکەمان."

لەلایەکی دیکەوە نەتانیاهو وتی " پڕۆژە بڕیاری چاکسازییەکە تەواو دەکەین کە ئەوە چاک دەکاتەوە کە پێویستی بە چاککردنە، هەروەها بە تەواوەتی مافەکانی تاک دەپارێزێت و متمانەی خەڵکەکە بە سیستمی دادوەری دەگەڕێنێتەوە."

یایر لاپیدی سەرۆکی پارتی ئۆپۆزسیۆنی ئیسڕائیل وتی " ئەو هاوپەیمانێتیە واپیشانی دەدەن ئەمە کێشەیەکی دەستووریی بێت."

لاپید پێشنیاری ئەنجامدانی گشتپرسییەکی کردووە، وتی " باشتر دەبێت ئەگەر بڕۆیت ڕاوێژ بە خەڵکەکە بکەیت پێش ئەوەی بێیت ئیسڕائیلێکی دیموکرات بگۆڕیت بۆ نا دیموکرات."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

This item is part of
XS
SM
MD
LG