بەرپرسانی تەندروستی لە غەززە و سوپای ئیسڕائیل ڕایانگەیاندووە هێزەکانی ئیسڕائیل لە گەورەترین نەخۆشخانەی کەرتی غەززە، کۆمەڵێک خەڵکییان دەستگیرکردووە، ئەمەش لە کاتێکدا هێرشە ئاسمانییەکان سەرانسەری غەززەیان گرتوەتەوە و باران بارینیش چادرەکانی فەلەستینییەکانی لە ڕەفەح تێکدا.
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە لانیکەم 100 ئەندامی حەماس کە ٢٠ کەسیان بەشداربوون لە هێرشەکەی 7مانگی دە بۆ سەر ئێسرائیل، دەستگیر کردووە و دەڵێت ئەو کەسانە لە نەخۆشخانەی ناسر خۆیان حەشارداوە.
حەماس ڕەتی دەکاتەوە چەکدارەکانی بۆ خۆ شاردنەوە نەخۆشخانەکەیان بەکارهێنابێت. بەڵام لانیکەم دووان لەو بارمتە ئیسڕائیلییانەی کە ئازاد کراون دەڵێن لە نەخۆشخانەی ناسر گیرابوون.
هێزەکانی ئیسڕائیل ڕۆژی پێنجشەممە هێرشییان کردە سەر نەخۆشخانەی ناسر لە خان یونس لە کاتێکدا کە هەوڵەکانییان لە جەنگەکەدا دژی حەماس زیاتر دەکەن.
ئەشرەف ئەلقیدرا، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی غەززە کە لەژێر دەسەڵاتی حەماسدایە، وتی "هێزەکانی داگیرکار ژمارەیەکی زۆر لە کارمەندانی تەندروستییان لە ناو ناوەندی تەندروستی ناسردا دەستگیرکردووە، ئیسڕائیل نەخۆشخانەکەی کردووە بە بنکەیەکی سەربازیی."
هێرشەکەی ئیسڕائیل بۆ ناو نەخۆشخانەکە ترس و نیگەرانییەکانی زیاتر کردووە سەبارەت بە نەخۆش و کارمەندانی تەندروستی و ئەو ئاوارە فەلەستینییانەی کە نەخۆشخانەکەیان وەکو پەناگە بەکارهێناوە.
وەزارەتی تەندروستی غەززە پێشتر لەم هەفتەیەدا وتی 10,000 کەس نەخۆشخانەکەیان وەکو پەناگە بەکارهێناوە، بەڵام زۆرێکییان نەخۆشخانەکەیان لە ترسدا جێهێشت چونکە دەیانزانی هێرشەکەی ئیسڕائیل بۆ سەر نەخۆشخانەکە نزیک بووەتەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز