Accessibility links

سەرۆکی هەواڵگری سەربازیی ئیسڕائیل دەست لە کاردەکێشێتەوە


ڕۆژی دووشەممە سوپای ئیسڕائیل دەست لە کارکێشانەوەی بەرپرسی بەڕێوبەرایەتی هەواڵگری ئیسڕائیلی ڕاگەیاند، هۆکاری دەست لە کارکێشانەوەکەش هێرشەکانی 7 ی مانگی 10 ی حەماس بوو بۆ سەر ئیسڕائیل.

جەنەڕاڵ ئارۆن هالیڤا پێشتر بەرپرسیارێتی ئەو شکستە هەواڵگرییەی گرتووەتە ئەستۆ کە بووە هۆی هێرشەکە کە ئیسڕائیل دەڵێت لەو هێرشەدا چەکدارانی حەماس 1200 کەسییان کوشتووە و نزیکەی 250 کەسییان بە بارمتە گرتووە.

سوپای ئیسڕائیل ڕۆژی دووشەممە نامەیەکی دەست لە کارکێشانەوەی هالیڤای بڵاوکردەوە و وتی هەر کە جێگرەوەیەکی بۆ دەستنیشان کرا دەستبەجێ دەست لە کاردەکێشێتەوە.

هالیڤا لە نامەکەدا دەڵێت " بەڕێوبەرایەتی هەواڵگری لە ژێر سەرکردایەتی مندا لە ئاست ئەو ئەرکەدا نەبوو کە پێمان سپێردرا بوو. ئەو ڕۆژە ڕەشە لەو کاتەوە لەگەڵمدایە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ، شەو لە دوای شەو. تا هەتایە ئەو ئازارەم لەگەڵدا دەبێت."

هالیڤا یەکەم بەرپرسی پلە بەرزە کە بەهۆی هێرشەکەی حەماسەوە دەستی لە کارکێشابێتەوە.

لە وەڵامی ئەو هێرشەی حەماسدا، ئیسڕائیل دەستیکرد بە هەڵمەتێکی سەربازیی لە غەززە و دەڵێت ئامانج لێی لە ناوبردنی حەماسە و دڵنیابوونەوەیە لەوەی کە چەکدارەکان نەتوانن جارێکی دیکە هێرش بکەنەوە سەر ئیسڕائیل.

بەپێی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەڵمەتە سەربازییەکەی ئیسڕائیل بووەتە هۆی کاولبوونی کەرتی غەززە و سێ بەشی دانیشتوانەکەی غەززەی ئاوارە کردووە.

وەزارەتی تەندروستی غەززە دەڵێت کارە سەربازییەکانی ئیسڕائیل بوونەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 34,000 فەلەستینی، دوو لەسەر سێیان ژن و منداڵ بوون.

نەتانیاهو ڕۆژی یەکشەممە وتی " لە ڕۆژانی داهاتوودا فشارە سەربازیی و سیاسییەکانمان بۆ سەر حەماس زیاتر دەکەین، چونکە ئەوە تەنها ڕێگەیە بۆ ئازادکردنی بارمتەکان." بەڵام هیچ وردەکارییەکی نەدا.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG