Accessibility links

سەرۆکی پارتی کاری ئیسڕائیل داوای هەڵوەشاندنەوەی یەکەیەکی هێزەکانی بەرگری ئیسڕائیل دەکات


میراڤ میکایلی
میراڤ میکایلی

ماڵپەڕی هەواڵیی تایمز ئۆڤ ئیسڕائیل بڵاویکردەوە سەرۆکی پارتی کاری ئیسڕائیل میراڤ میکایلی داوای لە حکومەت کردووە یەکەی نەتزا یەهودای هێزەکانی بەرگری ئیسڕائیل هەڵبوەشێنێتەوە، ئەوەش دوابەدوای ڕاپۆرتێک کە گوایە ئەمەریکا ئامادەکاری دەکات بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ئەو یەکە شەڕکەرەدا کە مێژوویەکی هەیە لە سوکایەتیکردن بە فەلەستینییەکان.

میراڤ وتی سزاکان " داننانە بە ڕاستییەکەدا و تێگەیشتنێکە لەسەر ئەوەی کە کارەکانی ئیسڕائیل لە ناوچەکانی ' فەلەستینییەکاندا ' ناکرێت بەردەوام بێت." وتیشی " چەندین ساڵە کارە گەندەڵ و توندوتیژەکانی یەکەی نەتزا یەهودا و ئەوانەی لە دەورین زاندراوە، هیچ شتێکیش نەکراوە بۆ وەستاندنییان."

وتی " دوو ساڵ لەمەوبەر، ئەمەریکا تیمێکی پێکهێنا بۆ لێکۆڵینەوە لە یەکەکە. پلەدارە سەربازیی و سیاسییەکان ناتوانن خۆیان بە شێوەیەک دەربخەن کە ئاگاداری ئەوە نین." وتی " لەبری ئەوەی ژیر ببن و مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەن، جارێکی دیکە نکۆڵی لێدەکەن و درۆ دەکەن و ڕاستییە تاڵەکە دادەپۆشن، " ئەوەش ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی سەپاندنی سزا.

میراڤ میکایلی وتیشی " نەتزا یەهودا یەکەیەکی هێزەکانی بەرگری ئیسڕائیلە کە دەبووایە چەندین ساڵ لەمەوبەر هەڵبوەشێندرایەوە. ئەمە یەکەیەکی گەنجانی لوتبەرزن و ئەوانەن کە ئایین وەکو بیانوویەک دەبینن بۆ هێرشکردنە سەر عەرەبەکان."

گوایە ئەو سزایانەی کە ئەمەریکا بە نیازە بیسەپێنێت بەسەر یەکەکەدا وەکو وەڵامێکن بۆ ئەوەی کە گوایە ئەندامانی یەکەکە مافەکانی مرۆڤی فەلەستینیەکانی کەناری ڕۆژئاوایان پێشێل کردووە.

وەکو وەڵامێکیش بۆ بەیاننامەکەی ئەندامی کابینەی جەنگی ئیسڕائیل بێنی گانتز کە وتی " یەکەکە بەشێکی جیانەکراوەیە لە هێزەکانی بەرگری ئیسڕائیل "، میکایلی وتی " بەرگریکردن لێی بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی گومانێکی گەورە لەسەر سەرانسەری هێزەکانی بەرگری ئیسڕائیل دروست دەکات."

XS
SM
MD
LG