Accessibility links

تانکەکانی ئیسڕائیل دەگەنە ناوەڕاستی خان یونسی باشووری غەززە


لە هێرشێکی نوێدا بۆ سەر باشووری کەرتی غەززە، تانکەکانی ئیسڕائیل گەیشتنە ناوەڕاستی شاری خان یونس.

دانیشتوانی شارەکە دەڵێن تانکەکان لە ڕێی ناوەندی خان یونسەوە گەیشتوونەتە شەقامی سەرەکی باکوور و باشوور، ئەوەش دوای شەڕێکی سەخت لە شەوی ڕابردوودا کە بووەتە هۆی خاوکردنەوەی پێشڕەوییەکانی ئیسڕائیل بەرەو ڕۆژهەڵات. فڕۆکە جەنگییەکانیش بۆردومانی ناوچەیەکی ڕۆژئاوای هێرشەکەیان دەکرد.

تەقینەوە بەردەوامەکان لە شارەکە دووکەڵێکی سپی گەورەی بەسەر شارەکەدا دروست کرد کە سەدان هاووڵاتی سڤیلی لە خۆگرتووە کە لە بەشەکانی دیکەی کەرتی غەززەوە هەڵاتوون بۆ خان یونس.

ئاوارەیەک کە باوکی چوار منداڵە و لە شاری غەززەوە هەڵاتووە بۆ خان یونس، بە ڕۆیتەرزی وت " یەکێک بوو لە ناخۆشترین شەوەکان، بەرهەڵستکارییەکە زۆر بەهێز بوو، گوێمان لە دەنگی تەقە و تەقینەوە بوو کە بۆ چەندین کاتژمێر بەردەوام بوو."

وتی " لە خان یونس تانکەکان گەیشتنە شەقامی جەمال عەبدل ناسر، کە لە ناوەڕاستی شارەکەدایە. نیشانشکێنەکانیش لەسەر بیناکانی ناوچەکە جێگیر بوون."

دوای شکستهێنانی ئاگربەستەکە، ئیسڕائیل هەڵمەتە سەربازییەکەی لە خان یونس دەستپێکرد، هێرشە زەمینییەکەی لە بەشی باشووری غەززە فراوانکرد، لە هەوڵێکیدا بۆ لە ناوبردنی چەکدارانی حەماس.

گروپی چەکداریی جیهادی ئیسلامی کە هاوپەیمانی حەماسە، وتی لەو ناوچەیەدا ڕووبەڕووی هێزەکانی ئیسڕائیل بوونەتەوە. سوپای ئیسڕائیل وتی بۆردومانی شەفتی تونێلەکانی ژێرزەوییان کردووە لە خان یونس و هێرشییان کردووەتە سەر گروپێک لە چەکدارانی فەلەستینی کە ئامادەکارییان بۆ کەمینێک کردووە، بەڵام باسی لە پێشڕەوی تانکەکان نەکرد.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG