Accessibility links

ئیسڕائیل: تۆمەتەکانی ئێران لەسەر ئەوەی ئێمە هەوڵی هەڵخەڵەتاندنی ئەمەریکا بدەین " بێ مانایە "


وەزیری وزەی ئیسڕائیل وتی لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بەوەی ئیسڕائیل هەوڵدەدات ئەمەریکا هەڵبخەڵەتێنێت تاوەکو جەنگ دژی ئێران هەڵبگیرسێنێت " بێ مانان ".

وەزیری وزەی ئیسڕائیل یۆڤاڵ شتاینتز وتی ئەوەی دەبێت لە حاڵەتی ئامادەباشیدا بێت ئیسڕائیلە ئەوەش بەهۆی ئەگەری هێرشکردنی ئێران لە ساڵیادی کوشتنی قاسم سولەیمانیدا کە لە هێرشێکی ئاسمانی ئەمەریکادا لە فڕۆکەخانەی بەغداد کوژرا.

واشنتن چەکدارەکانی سەر بە ئێران تۆمەتبار دەکات بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەمەریکییەکان لە عێراق، لەوانەش هێرشەکانی نزیک باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغداد.

لە ماوەی ڕابردوودا وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریف لە تویتەر نوسیویەتی " زانیارییە نوێیە هەواڵگرییەکان لە عێراقەوە ئاماژە بەوە دەدەن سیخوڕەکانی ئیسڕائیل پیلانی هێرشێک بۆ سەر ئەمەریکییەکان دادەنێن تاوەکو سەرۆک ترامپ هانبدەن هۆکارێکی ساختەی هەبێت بۆ هەڵگیرساندنی جەنگ دژی ئێران."

شتاینتز وتی " ئەم قسە بێ مانایانە لە زەریف دەبیستین کە ئیسڕائیل هێرشی تیرۆریستی دژی ئەمەریکییەکان ئەنجام دەدات، ئەمە تەواو قسەی بێ مانایە."

وتیشی " لەلایەکی دیکەوە ئەمە ئاماژەیەکە بۆ ئاگادارکردنەوە لەسەر ئەوەی ئێران ئیسڕائیل دەکاتە ئامانج، بەدوای هۆکارێکدا دەگەڕێت تاوەکو هێرش بکاتە سەر ئیسڕائیل، بۆیە دەبێت چاودێری دوایین پێشهاتەکان بکەین و بەتەواوەتی ئامادە بین."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG