سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی ئەوەی کاریگەر نەبووە لە چاودێریکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران و وتی دەزگاکە مەترسی ئەوەی دروست کردووە ببێتە دەزگایەکی بە سیاسیی کراو و نا پەیوەندیدار.
ئەم ڕەخنەیەی ئیسڕائیل دوای ئەوە دێت هەفتەی ڕابردوو دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتێکیدا ئاماژەی بەوەدا ئێران وەڵامێکی قایلکەری داوەتەوە سەبارەت بە دۆسییەیەکی دۆزینەوەی تەنۆلکەی یۆرانیۆمی پیتێندراو و هەندێک لە ئامێرەکانی چاودێری دووبارە داناوەتەوە، کە پێشتر بەپێی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 بۆ چاودێریکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران لە کارخانە ئەتۆمییەکانیدا جێگیر کرابوون.
لە کاتێکدا کە ئێران یۆرانیۆمی بۆ لە سەدا 60 پیتاندووە، ئەگەر زیاتر بیپیتێنێت ئەوا دەتوانێت بۆمبی ئەتۆمی بەرهەم بهێنێت، ئیسڕائیل چەندین جار هەڕەشەی ئەوەی کردووە ئەگەر دیبلۆماسی شکست بهێنێت ئەوا هێرشی پێشوەخت دژی ئێران ئەنجام دەدات.
نەتانیاهو وتی " ئێران بەردەوامە لە درۆکردن لەگەڵ دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتیدا. ملکەچ بوونی دەزگاکە بۆ فشارەکانی ئێران پەڵەیەکی ڕەشە لەسەر تۆمارەکانی."
وتیشی " ئەگەر دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی ببێتە ڕێکخراوێکی سیاسیی، ئەوا چاودێریکردنی چالاکییەکان لە ئێران گرنگی نامێنێت، هاوکات ڕاپۆرتەکانیشی سەبارەت بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران گرنگییان نامێنێت."
ڕۆژی چوارشەممە دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی وتی دوای چەندین ساڵ لە لێکۆڵینەوە و نەبوونی هیچ بەرەوپێشچوونێک، ئێران وەڵام و ڕوونکردنەوەیەکی قایلکەری داوە سەبارەت بە یەکێک لەو سێ کارخانەیەی کە تەنۆلکە یۆرانیۆمە پیتێندراوەکانی تیادا دۆزراوەتەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
ئیسڕائیل دەڵێت دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی ' ملکەچی ' ئێران بووە
