لوبنان دەڵێت ڕۆژی دووشەممە لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیلدا لانیکەم 100 کەس کوژراون و 400 کەسی دیکە بریندار بوون.
سوپای ئیسڕائیل وتی هێرشی کردووەتە سەر زیاتر لە 300 ئامانج، هاوکات دەزگای هەواڵی لوبنان باسی لە هێرشی ئاسمانی چڕ کرد لە چەندین ناوچەی بەشی باشووری وڵاتەکە.
وتەبێژی سوپای ئیسڕائیل دانیێڵ هاگاری لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا وتی هێزەکانی ئیسڕائیل هێرشەکانییان وەکو وەڵامێک بووە بۆ ئاماژەکان لەسەر ئەوەی حزبوڵا ئامادەکاری کردووە بۆ ئەنجامدانی هێرشی موشەکی بۆ سەر خاکی ئیسڕائیل.
هاگاری وتی حزبوڵا موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و چەکەکانی دیکەی لە ناو ناوچەکانی هاووڵاتیانی سڤیلدا داناوە، وتیشی ئیسڕائیل داوا لە هاووڵاتیانی لوبنان دەکات ئەو ناوچانە چۆڵ بکەن کە حزبوڵایان تێدایە.
هاگاری وتی " کاردەکەین بۆ بە دەستهێنانی سەرجەم ئامانجەکانمان لە جەنگەکەدا. لە غەززە، بۆ لە ناوبردنی حەماس و گەڕاندنەوەی سەرجەم بارمتەکان. لە باکووریش بۆ بەرپەرچدانەوەی مەترسییەکەی حزبوڵا و ئەوەشی کە هاووڵاتیانی باکووری ئیسڕائیل بتوانن بە پارێزراویی بگەڕێنەوە ماڵەکانی خۆیان."
حزبوڵا وتی لە وەڵامی هێرشەکانی ڕۆژی دووشەممەی ئیسڕائیلدا دەیان ڕۆکێتی ئاڕاستەی ئامانجە سەربازییەکانی ئیسڕائیل کردووە لە باکووری ئەو وڵاتە.
بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیل بەیانی زووی ڕۆژی دووشەممە بەرپەرچی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانییان داوەتەوە کە لەلایەن گروپێکی چەکداریی لایەنگری ئێرانەوە لە عێراقەوە هەڵدراوە.
بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق وتی بنکەیەکی ئیسڕائیلی کردووەتە ئامانج.
زیادبوونی شەڕەکە لەسەر سنووری نێوان ئیسڕائیل و لوبنان لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا وایکرد وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاگادارییەکی نوێی گەشتکردن بڵاوبکاتەوە و تێیدا داوای لە هاووڵاتیانی ئەمەریکایی کرد لە ڕێی گەشتە ئاسمانییە ئاساییەکانەوە کە هێشتا بەردەستن لوبنان جێبهێڵن.
حزبوڵا و هێزەکانی ئیسڕائیل ڕۆژی یەکشەممە سەدان موشەکییان ئاڕاستەی یەکتر کرد، هاوکات سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو بەڵێنیدا " هەرچی پێویست بێت بیکات " بۆ گەڕانەوەی پارێزراویی لە باکووری ئیسڕائیلدا.
نەتانیاهو وتی ئیسڕائیل لەم چەند ڕژەی ڕابردوودا " زیانێکی گەورەی بە حزبوڵا گەیاندووە کە هەرگیز بیرییان لێنەکردبووەوە." هەروەها ئەوەی بە " پەیامێک " ناوبرد.
وتەبێژی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جۆن کیربی ڕۆژی یەکشەممە وتی ئیسڕائیل و حزبوڵا دەبێت دان بەخۆیاندا بگرن تاوەکو ململانێکەیان نەبێتە جەنگێکی بەرفراوان.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا