ڕۆژی سێشەممە بەرپرسانی تەندروستی لوبنان وتییان لە ماوەی دوو ڕۆژی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیلدا لانیکەم 558 کەس کوژراون.
ڕۆژی سێشەممە ئیسڕائیل چەندین هێرشی ئاسمانی کردە سەر باشووری لوبنان، ئاماژەی بەوەدا لە دەیان ئامانجی حزبوڵای داوە، بەو چەکدارانەشەوە کە بەشدار بوون لە هەڵدانی ڕۆکێت بە ئاڕاستەی باکووری ئیسڕائیل.
حزبوڵاش وتی ڕۆژی سێشەممە هێرشی موشەکی کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئیسڕائیل.
وتەبێژێکی دەزگای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی سێشەممە وتی دەیان هەزاران کەس لە لوبنان ناچار بوون لە ماڵەکانییان هەڵبێن، وتیشی پێشبینی دەکرێت ژمارەکە زیاد ببێت.
ماثیو سالتمارشی وتەبێژی دەزگای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی دۆخەکە " زۆر نیگەرانکەرە."
سەرۆکی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڤۆڵکەر تورک داوای لە هەر کەسێک کرد کە کاریگەریی هەیە لە ناوچەکەدا " هەرچی لە توانایدا بێت بیکات بۆ دڵنیابوونەوە لە ڕێزگرتنی تەواو لە یاسای نێودەوڵەتی."
وتەبێژەکەی تورک، ڕاڤینا شەمداسانی بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئەو شێواز و ئامڕازانەی لە جەنگەکەدا بەکاردەهێندرێن نیگەرانییەکی زۆرییان دروست کردووە لەسەر ئەوەی ئایا پابەندبوون دەبێت بە یاسای نێودەوڵەتی مرۆییەوە یان نا."
زیادبوونی توندوتیژییەکان هێڵە ئاسمانییەکانی وەکو فرانس ئێر و قەتەڕ ئێروەیز و ئیتیحاد و هێڵە ئاسمانییەکانی دیکە گەشتەکانییان بۆ فڕۆکەخانەی بەیروت و بە پێچەوانەشەوە هەڵبوەشێننەوە.
هێرشەکانی ئیسڕائیل ڕۆژی دووشەممە دەستییان پێکرد و سوپای ئەو وڵاتە وتی هێرشەکان زیاتر لە 1300 ئامانجییان لە سەرانسەری باشوور و ڕۆژهەڵاتی لوبنان کردووەتە ئامانج.
بەرپرسانی تەندروستی لوبنان وتیان بەهۆی هێرشەکانی ڕۆژی دووشەممەی ئیسڕائیلەوە بۆ سەر لوبنان نزیکەی 500 کەس کوژراون و زیاتر لە 1600 کەسی دیکە بریندار بوون. لە نێو کوژراوەکاندا 35 منداڵ و 58 ژن هەبوون.
سوپای ئیسڕائیل دانیشتوانی دۆڵی بێکای ڕۆژهەڵاتی لوبنانی ئاگادار کردەوە تاوەکو لە کۆگاکانی چەکی حزبوڵا دووربکەونەوە.
لە پەیامێکی تۆمارکراودا بۆ هاووڵاتیانی سڤیلی لوبنان، سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو داوای لێکردن وەڵامی داواکانی ئیسڕائیل بدەنەوە و چۆڵی بکەن، وتی دەبێت " ئەم ئاگادارکردنەوەیە بە جددیی وەربگرن."
نەتانیاهو وتی " تکایە دوورکەونەوە و خۆتان بپارێزن. هەر کە ئۆپەراسیۆنەکەمان تەواو بوو ئەوا دەتوانن بە پارێزراویی بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانی خۆتان." هەزاران کەس لە باشووری لوبنان هەڵاتوون و شەقامە خێراکانی باکوور بۆ بەیروت قەرەباڵغ بوون.
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش وتی " نیگەرانم سەبارەت بە پەرەسەندنی دۆخەکە " لەسەر سنووری نێوان ئیسڕائیل و لوبنان، بە تایبەتی بە ژمارەیەکی زۆر لە قوربانییانی سڤیل و هەزاران هاووڵاتی ئاوارەبوو.
زیادبوونی توندوتیژیی و شەڕەکە لەسەر سنوورەکە ترس و نیگەرانییەکانی زیاتر کردووە سەبارەت بە هەڵگیرسانی شەڕێکی ناوچەیی، لە کاتێکدا کە ئیسڕائیل شەڕ لەگەڵ حەماسیشدا دەکات لە غەززە. حەماس و حزبوڵا هەردووکییان لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەکرێت.
وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت درەنگانێکی ڕۆژی دووشەممە لە بەیاننامەیەکدا داوای " ڕاگرتنی بازنە ڕووخێنەرەکەیان " کرد.
وەزیرەکان وتیان " کار و کاردانەوە ئەم توندوتیژییە مەترسیدارە زیاتر دەکات و سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕادەکێشێتە ناو ململانێیەکی بەرفراوانترەوە و دەرەنجامەکەشی زۆر گەورە دەبێت."
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا