سەرچاوەیەکی ئاسایشی لوبنان ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند هاشم سەفەدین، ئەو کەسەی کە ئەگەری هەبوو جێی سەرکردەی کوژراوی حزبوڵا، حەسەن نەسڕوڵا بگرێتەوە لە ڕۆژی هەینییەوە دیار نەماوە، ئەمەش دوای هێرشێکی ئاسمانی ئیسڕائیل کە باس لەوە کرا سەفەدینی کردووەتە ئامانج.
لە هەڵمەتەکەیدا دژی حزبوڵای لوبنان کە ئێران پشتیوانی لێدەکات، ئیسڕائیل درەنگانێکی ڕۆژی پێنجشەممە هێرشێکی ئاسمانی کردە سەر باشووری بەیروت، ماڵپەڕی هەواڵی ئاکسیۆس لە زاری سێ بەرپرسی ئیسڕائیلەوە بڵاویکردەوە کە هێرشەکە هاشم سەفەدینی کردووەتە ئامانج لە پەناگەیەکی ژێر زەمینیدا.
سەرچاوە ئاسایشییەکەی لوبنان و دوو سەرچاوەی دیکەی ئاسایشی لوبنان وتییان هێرشە ئاسمانییە بەردەوامەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر باشووری لوبنان کە بە زاحییە ناسراوە وایکردووە کە تیمەکانی فریاگوزاری نەتوانن بچنە شوێنی هێرشەکە.
لە دوای هێرشەکەوە تاوەکو ئێستا حزبوڵا هیچ لێدوانێکی لەسەر سەفەدین نەداوە.
بەرپرسی سەربازیی باڵای سوپای ئیسڕائیل ناداڤ شوشانی ڕۆژی هەینی وتی سوپا هێشتا هەڵسەنگاندن دەکات بۆ هێرشە ئاسمانییەکانی شەوی پێنجشەممە، وتیشی هێرشەکان بارەگاکانی هەواڵگری حزبوڵایان کردووەتە ئامانج.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز