ڕۆژی شەممە ئیسڕائیل بۆردومانی سەرانسەری کەرتی غەززەی کرد، لە باکوورەوە بۆ باشوور، ئەمەش لە قۆناغێکی دیکەی جەنگە دوو مانگییەکەیدا دژی حەماس، بۆردومانەکان لە کاتێکیشدایە کە ئەمەریکا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ڤیتۆی بەکارهێنا وەکو قەڵغانێک بۆ ئیسڕائیل لە بەرامبەر داوا جیهانییەکاندا بۆ ئاگربەست.
لە کۆی 15 ئەندامەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، 13 ئەندامییان لە بەرژەوەندی بڕیارێک دەنگیاندا کە داوای دەستبەجێ ئاگربەستی مرۆیی دەکات لە غەززە، بەڵام ئەمەریکا دژی بڕیارەکە وەستایەوە و بەڕیتانیاش دەنگی نەدا.
دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو ئاگربەستە حەوت ڕۆژییەکە شکستی هێنا، ئیسڕائیل هەڵمەتە سەربازییە زەمینییەکەی لە بەشی باشووری کەرتی غەززە فراوانتر کردووە، ئەوەش لە ڕێی هێرشکردنە سەر شاری سەرەکی باشووری غەززە، خان یونسەوە. لە باکووریش، هەردوولا باس لە چڕبوونەوەی شەڕەکە دەکەن.
ڕۆژی شەممە دانیشتوانی شاری خان یونسی باشووری غەززە وتییان هێزەکانی ئیسڕائیل فەرمانییان بە خەڵکەکە کردووە چۆڵی بکەن بۆ ناوچەیەکی دیکە، کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای ئەو شوێنانەوە کە لە ماوەی ڕابردوودا ئیسڕائیل هێرشی کردوونەتە سەر، وتیشییان هێرشێکی دیکە نزیک بووەتەوە.
زۆربەی دانیشتوانە 2.3 ملیۆنەکەی کەرتی غەززە ناچار بوون لە ماڵەکانییان هەڵبێن، زۆرێکییان چەندین جار هەڵاتوون، دانیشتوان و دەزگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن لە ئێستادا هیچ شوێنێک لە غەززەدا پارێزراو نیە بۆ ئەوەی هاووڵاتیان ڕووی تێبکەن، بەڵام ئیسڕائیل ئەوە ڕەت دەکاتەوە.
دوای ئەوەی لە 7 ی مانگی 10 دا چەکدارانی حەماس هێرشییان کردە سەر ئیسڕائیل و بەپێی بەرپرسانی ئیسڕائیل نزیکەی 1200 کەسییان کوشتووە و نزیکەی 240 کەسی دیکەیان بە بارمتە گرتووە، ئیسڕائیل دەستیکرد بە هەڵمەتە سەربازییەکەی لە غەززە و بەڵێنیدا حەماسی فەرمانڕەوا لە غەززە لە ناوببات.
هێزەکانی ئیسڕائیل دەڵێن سنوورێکییان داناوە بۆ کەوتنەوەی قوربانی زیاتر لە نێو هاووڵاتییانی سڤیلدا، ئەوەش لە ڕێی دابینکردنی نەخشەوە کە ئەو شوێنانە دیاری دەکەن کە پارێزراون، هەروەها حەماس تۆمەتبار دەکات بە تۆمەتی زیانگەیاندن بە هاووڵاتییانی سڤیل لە ڕێی ئەوەی کە خۆیان لە ناو هاووڵاتییاندا دەشارنەوە. چەکدارانی حەماسیش ئەوە ڕەت دەکەنەوە.
ئەمەریکا ئاماژەی بەوە داوە کە بە ئیسڕائیلی وتووە کاری زیاتر بکات بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیل لە قۆناغی دواتری جەنگەکەدا. لەم هەفتەیەدا وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن وتی " بۆشاییەک " هەیە لە نێوان بەڵێنەکانی ئیسڕائیل بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیل و دەرەنجامەکان لە ڕاستیدا. بەڵام واشنتن بەردەوامە لە پشتیوانیکردن لە هەڵوێستەکەی ئیسڕائیل کە دەڵێت ئاگربەست سوودی دەبێت بۆ حەماس.
جێگری باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆبەرت وود پێش بەکارهێنانی مافی ڤیتۆ بە ئەنجومەنی ئاسایشی وت " پشتگیری لەم بڕیاری داواکردنە ناکەین بۆ ئاگربەستێک کە تەنها تۆو بۆ جەنگەکەی دواتر دەچێنێت."
ئەندامی دەزگای سیاسیی حەماس عیزەت ئەل ڕەشیق سەرکۆنەی بڕیارەکەی ئەمەریکای کرد و بە " نامرۆیی " ناویبرد. سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستینییەکان مەحمود عەباسیش کە لە ساڵی 2007 دا غەززەی بۆ حەماس لە دەستدا، وتی ڤیتۆکە " ئەمەریکای بەشدار کرد لە تاوانەکانی جەنگی ئیسڕائیلدا."
باڵیۆزی ئیسڕائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان جیلاد ئیردان وتی " ئاگربەست تەنها لە کاتێکدا ڕێی تێدەچێت کاتێک سەرجەم بارمتەکان دەگەڕێنەوە و حەماس لە ناودەبرێت."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز