دوای ئەوەی گفتوگۆکان بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستە هەفتەییەکە شکستییان هێنا، جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماس لە غەززە دەستیپێکردەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسڕائیل دەستییان کردەوە بە بۆردومانکردنی غەززە و بریندار و کوژراوی لێکەوتەوە و هاووڵاتییانیش لەسەر شەقامەکان هەڵاتن.
لە کاتێکدا کە ئاگربەستەکە ماوەکەی بەسەرچوو، پەیامنێرانی ڕۆیتەرز لە خان یونس لە باشووری غەززە وتییان ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی شارەکە ڕووبەڕووی بۆردومانێکی چڕی ئیسڕائیل بووەتەوە. هاووڵاتییانیش بەرەو پەناگەکانی ڕۆژئاوای شارەکە هەڵاتوون.
لە باکووری غەززەش کە پێشتر ناوچەی سەرەکی جەنگەکە بوو، دووکەڵێکی گەورە بەسەر ناوچە وێرانبووەکەدا بەرز دەبووە، بە شێوەیەک لەمدیوی ئیسڕائیلەوە دیار بوو.
زەنگەکانی ئاگادارکردنەوەی هێرشی موشەکیش لە باشووری ئیسڕائیل لێدرا، لە کاتێکدا کە چەکدارانی حەماس موشەکییان ئاڕاستەی شارەکانی باشووری ئەو وڵاتە دەکرد.
لە ماوەی چەند کاتژمێرێکی کەم لە بەسەرچوونی ئاگربەستەکەدا، بەرپرسانی تەندروستی غەززە وتییان 54 کەس کوژراون و دەیانی دیکە بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیلەوە بریندار بوون، دەشڵێن هێرشە ئاسمانییەکان لە لانیکەم هەشت ماڵییان داوە.
تیمەکانی تەندروستی دەڵێن بۆردومانەکە لە خان یونس و ڕەفەحی باشووری غەززە زۆر چڕ بووە، کە لەوێ سەدان هەزاران هاووڵاتی غەززە چوونەتە پەناگەکانەوە و لە باکوورەوە هەڵاتوون. خانووەکانی ناوچەکانی ناوەڕاست و باکووریش لێیان دراوە.
لە ڕەفەحی باشووری غەززە، دانیشتوان چەندین منداڵی بچووکییان لە خانوویەک دەرهێنا کە لێی دراوە، منداڵەکان بە خوێن و خۆڵ داپۆشرابوون. محەمەد ئەبو علنیم کە باوکی خاوەنی ئەو خانووەیە، وتی خانووەکە پەناگەیەک بووە بۆ ئەو خەڵکانەی کە لە شوێنەکانی دیکەوە ئاوارەبوون.
لە نەخۆشخانەی ئەبو یوسف ئەل نەجاریش کە دەکەوێتە ئەو نزیکانەوە، یەکەم لێشاوی بریندارەکان گەیشتنە نەخۆشخانەکە.
هاووڵاتیانی غەززە دەڵێن لەوە ترساون بۆردومانکردنی بەشەکانی باشووری غەززە ببێتە هۆی فرانبوونی جەنگەکە بۆ ناو ئەو ناوچانەی کە ئیسڕائیل پێشتر وتبووی پارێزراون.
نامیلکەکانیش لە ئاسمانەوە هەڵدەدران بەسەر شاری خان یونسی باشووردا و تێیدا داوا لە دانیشتوانی چوار شارۆچکە دەکات زیاتر بەرەو باشوور بڕۆن بەرەو شاری ڕەفەح لەسەر سنووری میسڕ.
لە نامیلکەکاندا هاتووە دەڵێت " دەبێت دەستبەجێ چۆڵی بکەن و بڕۆن بەرەو پەناگەکانی ناوچەی ڕەفەح. خان یونس ناوچەیەکی مەترسیداری شەڕکردنە. ئێوە ئاگادار کراونەتەوە."
هەردوولا لۆمەی یەکترییان کردووە لە شکستهێنان بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە، کە تێیدا بارمتەکان ئازاد دەکران کە لەلایەن حەماسەوە گیرابوون، هاوکات ئیسڕائیلیش زیندانییە فەلەستینییەکانی ئازاد دەکرد.
ئۆفیسی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو وتی " لەگەڵ دەستپێکردنەوەی شەڕەکەدا، ئێمە جەخت دەکەینەوە لەوەی حکومەتی ئیسڕائیل پابەندە بە دەستکەوتنی ئامانجەکانی جەنگەکە – بۆ ئازادکردنی بارمتەکان – بۆ لە ناوبردنی حەماس و دڵنیابوونەوە لەوەی غەززە هەرگیز جارێکی تر مەترسی نەبێت لەسەر دانیشتوانی ئیسڕائیل."
بەرپرسێکی فەلەستینی کە ئاگاداری گفتوگۆکانی ئیسڕائیل و حەماسە وتی بەهۆی داواکەی ئیسڕائیلەوە بۆ ئازادکرنی سەربازە ژنەکان درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە شکستی هێناوە، وتیشی سەربازە ژنەکان بابەتێکی زۆر جیاوازە لە بابەتی بارمتەکان.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز