Accessibility links

ئوردن گومانی هەیە لەوەی ئیسڕائیل بتوانێت حەماس لە ناوببات

وەزیری دەرەوەی ئوردن- ئەیمەن سەفەدی
وەزیری دەرەوەی ئوردن- ئەیمەن سەفەدی

ڕۆژی شەممە وەزیری دەرەوەی ئوردن گومانیکرد لەوەی ئیسڕائیل بتوانێت لە ڕێی بۆردومانی قورس و هێرشی زەمینییەوە بۆ سەر کەرتی غەززە حەماس لە ناوببات.

وەزیری دەرەوەی ئوردن ئەیمەن سەفەدی لە کۆنفرانسی ئای ئای ئێس ئێسی ئاسایشی مەنامەدا لە بەحرەین وتی " ئیسڕائیل دەڵێت دەیەوێت حەماس بسڕێتەوە. خەڵکێکی سەربازیی زۆر لێرەن، من لەوە تێناگەم ئەم ئامانجە چۆن بە دەستدەهێندرێت."

ئەیمەن سەفەدی گوتی ئامانجی ڕاگەیەندراوی ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر غەززە بریتییە لە لەناوبردنی حەماس کە ئەمەش کێشەی فەلەستین چارەسەر ناکات.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا گوتی "ئەگەر ئێوە ناڕازین لە کارەکانی حەماس، قەناعەت بە فەلەستینییەکان بکەن کە داهاتووی باشتریان دەبێت و حەماس لە نێوان ئەوان و داهاتوویاندا وەستاوە."

سەفەدی گوتیشی بۆ "گەلی فەلەستین هیچی دیکە نەماوە لەدەستی بدەن" و بێبەشکردنی خەڵکەکەی لە ئاو، خۆراک، سووتەمەنی و دامەزراوە پزیشکییەکانی بە "تاوانی جەنگ" ناوبرد.

دوای هێرشەکەی حەماس لە 7 ی مانگی 10 دا بۆ سەر ئیسڕائیل، ئیسڕائیل بەڵێنی لە ناوبردنی حەماسیدا کە کۆنتڕۆڵی کەرتی غەززە دەکات. ئیسڕائیل زۆربەی شاری غەززە و باکووری غەززەی خاپوور کردووە و ئێستاش خەریکی زیادکردنی هێرشە ئاسمانییەکانییەتی بۆ سەر باشووری غەززە. ئیسڕائیل دەڵێت لە هێرشەکەی مانگی ڕابردووی حەماسدا 1400 ئیسڕائیلی کوژراون و 240 کەسی دیکەش بە بارمتە گیراون و ڕفێندراون بۆ غەززە. بەرپرسانی تەندروستی فەلەستینیش دەڵێن بەهۆی هێرشەکانی ئیسڕائیلەوە زیاتر لە 12,000 فەلەستینی کوژراون.

سعودیە لە کۆنفرانسەکەدا داوای ئاگربەستی دەستبەجێی کرد لە نێوان ئیسڕائیل و حەماسدا. وەزیری دەرەوەی سعودیە شازادە فەیسەڵ بن فەرحان وتی " ڕۆژانە دەبینین هاووڵاتی سڤیل دەمرن. پێویستە ئەمڕۆ ئەوە کۆتایی بێت، نەک سبەینێ."

ئیسڕائیل ئاگربەستی بە دوور زانیوە هەتاوەکو ئەو کاتەی ئەو 240 کەسەی کە حەماس بە بارمتە گرتوونی ئازاد نەکرێن. حەماسیش بەڵێنی شەڕێکی بەردەوام و درێژخایەنی داوە دژی ئیسڕائیل.

ڕاوێژکاری سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، برێت مکگۆرک، لە کۆنفرانسەکەی مەنامەدا وتی ئازادکردنی بارمتەکان دەبێتە هۆی زیادبوونی بەرچاوی گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو غەززە و وەستانێکی گرنگ لە شەڕەکەدا لە غەززە.

لە دوای جەنگەکە دەکرێت کێ غەززە بەڕێوە ببات؟

هێرشەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر غەززە پرسیارێکی لە نێو زلهێزەکانی ناوچەکە و جیهان و نەتەوە یەکگرتووەکانیشدا دروست کردووە، ئەوەش ئەوەیە ئایا کێ غەززە بەڕێوەدەبات لە حاڵەتی شکستی حەماسدا کە ماوەی 16 ساڵە فەرمانڕەوایی غەززە دەکات.

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆزێپ بۆڕێڵ وتی تەنها دەسەڵاتی فەڵەستینییەکان، کە لایەنێکە لەلایەن ڕۆژئاواوە پشتیوانی لێدەکرێت، دەتوانێت لە دوای جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسەوە غەززە بەڕێوەببات.

بۆڕێڵ لە کۆنفرانسەکەی مەنامەدا وتی "حەماس چیتر ناتوانێت کۆنتڕۆڵی غەززە بکات. کەواتە کێ کۆنتڕۆڵی غەززە دەکات؟ پێم وایە تەنها لایەن کە بتوانێت ئەوە بکات دەسەڵاتی فەلەستینییەکانە."

سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستینییەکان مەحمود عەباس وتی دەسەڵاتی فەلەستینییەکان دەتوانێت ڕۆڵی بەڕێوەبردنی غەززە بگێڕێت ئەگەر چارەسەرێکی سیاسیی تەواو هەبێت، چارەسەرەکەش بەرەو دەوڵەتێکی فەلەستینی بچێت لەسەر ئەو خاکانەی کە ئیسڕائیل لە ساڵی 1967 ەوە ' داگیریکردوون.' بە کەناری ڕۆژئاواشەوە.

گفتوگۆکانی ئاشتی نێوان ئیسڕائیل و فەلەستینییەکان لە ساڵی 2014 ەوە وەستاوە. دەسەڵاتی فەلەستینییەکان لە نێو فەلەستینییەکاندا بە شێوەیەکی بەرچاو ناپەسەندە.

لە ساڵی 2007 دا حەماس لە جەنگێکی کورتدا لەگەڵ پارتی فەتحی مەحمود عەباسدا کۆنتڕۆڵی غەززەی کرد. بۆ ماوەی چەندین ساڵ گفتوگۆکرا بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک تاوەکو دەسەڵاتی فەلەستینییەکان جارێکی دیکە غەززە بەڕێوە ببات، بەڵام گفتوگۆکان شکستییان هێنا.

بەرپرسێکی باڵای ئیماڕات، کە لە ساڵی 2020 دا بە سەرپەرشتی ئەمەریکا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسڕائیلدا ئاسایی کردەوە، هۆشداریدا لەسەر ئەوەی درێژبوونەوەی جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماس دەکرێت ببێتە هۆی دروستبوونی توندڕەویی لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ڕاویژکاری دیپلۆماتی سەرۆکی ئیماڕات، ئەنوەر قەرقاش، وتی " هەتاوەکو قەیرانەکە درێژتر ببێتەوە، مەترسی ئەوەی شتەکان لە کۆنتڕۆڵ دەربچن زیاتر دەبێت و پێم وایە دەبێت ئێمە زۆر زۆر وریا بین."

ئیماڕات و وڵاتانی دیکەی بەرهەمهێنەری نەوتی کەنداو، حەماس و گروپە ئیسلامییەکانی دیکەی ناوچەکە بە مەترسی دەزانن لەسەر سەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەرەوەش.

بەهۆی هێرشەکانی ئیسڕائیلەوە، نزیکەی دوو لەسەر سێی دانیشتوانە 2.3 ملیۆنەکەی غەززە ئاوارە بوون. زۆرێکییان کە هەڵاتوون لەوە دەترسن ئاوارەبوونییان هەمیشەیی بێت.

سەفەدی هۆشداریدا و وتی ئوردن هەرچی لە توانایدا بێت دەیکات بۆ ڕاگرتنی ئەو جۆرە ئاوارەبوونەی خەڵکەکە. وتی " هەرگیز ڕێگە نادەین ئەوە ڕووبدات، لەگەڵ ئەوەدا کە ئەوە تاوانی جەنگە، دەکرێت مەترسییەکی ڕاستەوخۆش بێت بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانیمان. هەرچی لە تواناماندا بێت دەیکەین بۆ ڕاگرتنی."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

This item is part of
XS
SM
MD
LG