سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی لە خاکی لوبنانەوە ئەنجامدراون، بە هێرشە ئاسمانی و تۆپخانەکانی پێگەکانی حیزبوڵڵایان کردووەتە ئامانج.
بە گوتەی سوپای ئیسرائیل، "ژێرخانی تیرۆریستی، کۆگاکانی موشەک و ئەو دامەزراوانەی کە حزبوڵڵا بەکاری هێناون" هێرشیان کراوەتە سەر.
پەرەسەندنی شەڕەکە ڕۆژێک دوای ئەوە دێت ڕابەری حیزبوڵڵا سەعید حەسەن نەسڕەڵا وتی حیزبوڵڵا لە شەڕەکەدایە و هۆشداریدا لەسەر پەرەسەندنی جەنگەکە لە کاتێکدا کە جەنگەکەی ئیسڕائیل لەگەڵ حەماسدا لە غەزە لە یەکەم مانگی نزیک دەبێتەوە.
نەسڕەڵا ڕایگەیاند "حیزبوڵا بۆ هەموو بژاردەکان ئامادەیە و دەتوانین هەرکاتێک بمانەوێت پەنایان بۆ ببەین."
حیزبوڵڵا لە بەیاننامەیەکدا وتی چەکدارەکانی هێرشییان کردووەتە سەر لانیکەم شەش خاڵی چاودێری سوپای ئیسڕائیل لەسەر سنوورەکە، وتیشی "چەک و ڕۆکێتی گونجاو " لە هێرشەکاندا بەکارهێندراون.
کەناڵی مەیادین لە بەیروت وتی ڕۆژی شەممە حیزبوڵڵا دوو ڕۆکێتی بورکانی بە ئاڕاستەی خاڵێکی چاودێری سوپای ئیسڕائیل هەڵداوە. بەرپرسێکی ئاسایشی لوبنان هەواڵەکەی پشتڕاست کردەوە و وتی ڕۆکێتی بورکان یەکەمین جارە بەکارهێندراوە.
ڕۆکێتەکە پێشتر لەلایەن حیزبوڵڵا و حکومەتی سوریاوە بەکارهێندراوە بۆ لە ناوبردنی شوێنەکانی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا.
کەناڵی ئەل مەناری حیزبوڵڵا وتی چەکدارەکان باڵۆنێکی سیخوڕییان خستووەتە خوارەوە کە سوپای ئیسڕائیل بەسەر شارۆچکەی میسگاف ئامی باکووردا هەڵیداوە.
دەزگای هەواڵی نیشتیمانی لوبنان وتی ئیسڕائیل هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر چەندین گوندی سنوورەکە، لەوانەش لەبونە و هیبارییە.
وتەبێژی سوپای ئیسڕائیل ئاڤیخای ئادرای وتی فڕۆکە جەنگییەکان و تانک و تۆپهاوێژەکانی ئیسڕائیل بە ئاڕاستەی سەرچاوەی ڕۆکێتەکانی حیزبوڵڵا هەڵدراون لە ناو لوبناندا و هەندێک لە کۆگا و ژێرخان و خاڵە سەربازییەکانی حیزبوڵایان کردووەتە ئامانج.
لە 8 ی مانگی 10 حیزبوڵڵا دەستیکرد بە هێرشکردنە سەر شوێنەکانی ئیسڕائیل، لە ناوچەی جێناکۆکی لەسەری کێڵگەکانی شیبا لەسەر سنووری بەرزاییەکانی گۆلان و لوبنان، لە ماوەی چەند ڕۆژێکی کەمدا هێرشەکان پەرەیان سەند بۆ سەرجەم ناوچە سنوورییەکانی نێوان ئیسڕائیل و لوبنان.
ڕۆژی شەممە حیزبوڵڵا وتی یەکێک لە چەکدارەکانی لەسەر سنوورەکە کوژراون، ئەوەش ژمارەی کوژراوانی لەودیوی سنوورەکە لە لوبنان بەرزکردەوە بۆ 56 کەس، 10 کەسییان هاووڵاتی سڤیل بوون و ڕۆژنامەنووسێکی ڕۆیتەرزیشییان تێدا بووە.
سەرچاوە/ AP