Accessibility links

ئیسڕائیل بۆردومانی شوێنەکانی حەماس دەکات


سوپای ئیسڕائیل وتی فڕۆکە جەنگیەکانی وڵاتەکە بۆردومانی شوێنەکانی حەماسیان کردووە لە کەرتی غەزە، ئەوەش وەکو وەڵامێک بۆ هەڵدانی باڵۆنی گڕدار لە غەزەوە بە ئاڕاستەی باشووری ئیسڕائیل کە بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە ناوچەکەدا.

هیچ هەواڵێک لەسەر کەوتنەوەی زیانی گیانی نیە، سوپای ئیسڕائیل وتی هێرشەکانیان دامەزراوەیەکی دروستکردنی چەک و شوێنێکی هەڵذانی موشەکی سەر بە حەماسیان کردۆتە ئامانج لە کەرتی غەزە.

فەڵەستینیەکان دەڵێن ئامانج لە هەڵدانی باڵۆنە گڕدارەکان فشار خستنەسەر ئیسڕائیلە تاوەکو کۆتوبەندەکانی لەسەر غەزە کەم بکاتەوە و ڕێگە بە گەیشتنی یارمەتیەکان بۆ غەزە بدات. بەڕێوبەرایەتی ئاگرکوژێنەوە و فریاکەوتنی ئیسڕائیل وتی باڵۆنەکانی ڕۆژی دووشەممە بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە کێڵگەکانی ئیسڕائیل بە درێژایی سنووری غەزەدا.

توندوتیژییەکان لەسەر سنوور زیادییانکردووە، سەرەڕای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو ئیسڕائیل ڕایگەیاند ڕێگە بە گەیشتنی یارمەتیەکانی قەتەڕ دەدات بۆ غەزە.

تیمەکانی فریاکەوتنی فەڵەستینیەکان وتیان لەمیانەی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی شەممەی غەزەدا هێزەکانی ئیسڕائیل تەقەیان کردووە و 41 فەڵەستینی برینداربوون، ئەوەش دوای ئەوەی هێزەکانی ئیسڕائیل هەوڵیاندا بەرپەرچی خۆپیشاندەران بدەنەوە کە تایەیان دەسوتاند و تەقەمەنیان بە درێژایی سنوورەکە هەڵدەدا. سوپای ئیسڕائیلیش وتی بەهۆی تەقەی فەڵەستینیەکانەوە سەربازێکی ئیسڕائیل بە سەختی برینداربووە.

چەند ڕۆژێک بەر لە ڕووداوەکانی ڕۆژی شەممە، لە غەزەوە موشەکێک بە ئاڕاستەی ئیسڕائیل هەڵدرا، بەڵام سیستمی بەرگری ئاسمانی ئیسڕائیل بەرپەرچی دایەوە، ئەوەش لە یەکەمین هێرشی موشەکی لەو جۆرەدا لە دوای ڕاگرتنی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان گروپە چەکدارییەکانی غەزە و ئیسڕائیل لە 21 ی مانگی پێنجی ئەم ساڵذا.

لە شەڕ وپێکدادانەکانی مانگی پێنجدا زیاتر لە 250 فەڵەستینی و 13 ئیسڕائیلی کوژران کە تیایدا گروپە چەکدارییەکانی ناو غەزە موشەکیان ئاڕاستەی شارەکانی ئیسڕائیل کرد و سوپای ئیسڕائیلیش بە هێرشی ئاسمانی وەڵامیدایەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG