ڕۆژی دووشەممە ئیسڕائیل سەدان هێرشی ئاسمانی کردە سەر ئامانجەکانی حەماس لە کەرتی غەزە، هاوکات هێزەکانی ئیسڕائیل شەڕ دەکەن بۆ دەرکردنی ئەو چەکدارانەی حەماس کە هێشتا لە باشووری ئیسڕائیلدا ماونەتەوە.
وتەبێژی سوپای ئیسڕائیل کۆلۆنێڵ ڕیچارد هێخت بە ڕۆژنامەنووسانی وت شەڕەکە هێشتا لە حەوت بۆ هەشت شوێنی ئیسڕائیلدا بەردەوامە و ماوەیەکی زیاتری پێچووە وەک لەوەی پێشبینی کرابوو.
وتەبێژێکی دیکەی سوپای ئیسڕائیل کۆلۆنێڵ جۆناثان کۆنریکۆس وتی ئیسڕائیل داوای 100,000 سەربازە یەدەگەکەی کردووە.
کۆنریکۆس وتی " کاری ئێمە ئەوەیە دڵنیا ببینەوە لەوەی لە کۆتایی ئەم جەنگەدا چیتر حەماس هیچ توانایەکی سەربازیی نەبێت بتوانێت لە ڕێیوە هەڕەشە لە هاووڵاتیانی مەدەنی سڤیلی ئیسڕائیل بکات. لەگەڵ ئەوەشدا دڵنیا دەبینەوە لەوەی حەماس نەتوانێت فەرمانڕەوایی کەرتی غەزە بکات."
وتیشی هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئەو ناوچانەی ئیسڕائیل کە سنووریییان بە غەزەوەیە نزیکەی 1000 چەکداری حەماس تێیدا بەشداربوون و هاتوونەتە ناو ئیسڕائیلەوە. هێرشەکە بووەتە هۆی کوژرانی 700 هاووڵاتی سڤیل و سەربازیی ئیسڕائیلی و زیاتر لە 2100 کەسی دیکە بریندار بوون.
کۆنریکۆس وتی " تاوەکو ئێستا ئەمە خراپترین ڕۆژە لە مێژووی ئیسڕائیلدا."
ڕابەری دیموکراتەکانی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا چەک شومەر وتی لانیکەم چوار هاووڵاتی ئەمەریکایی لە نێو کوژراوەکاندا بوون و پێشبینی دەکرێت ئەو ژمارەیە زیاتر ببێت.
شومەر وتی " دڕندەیی و توندی ئەم هێرشە بێپێشینەیە لە حەماسەوە کە تێیدا هاووڵاتیانی بێتاوانی سڤیل و منداڵان و خێزانەکان و بەتەمەنەکانی کردە ئامانج، زۆر زۆرە و دڵتەزێنە."
هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر غەزە خانوو و تونێل و ناوەندێکی هەواڵگری حەماس و کارگەیەکی دروستکردنی چەک و ماڵەکانی بەرپرسانی حەماسییان کردووەتە ئامانج. وەزارەتی تەندروستی فەڵەستینییەکان وتی 413 فەڵەستینی کوژراون.
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەکەوە لە ڕۆژی شەممە، زیاتر لە 123000 کەس لە ناوخۆی غەزەدا ئاوارەبوون.
ڕۆژی یەکشەممە حکومەتی ئیسڕائیل بە فەڕمی جەنگی دژی حەماس ڕاگەیاند.
سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو وتی " ئەم جەنگە کاتی پێدەچێت. سەخت دەبێت."
ئیسڕائیل بەردەوامە لە گەمارۆدانی غەزە و نەتانیاهو وتی ئیسڕائیل کارەبا و سوتەمەنی و پێویستییەکانی دیکە بۆ غەزە دەبڕێت.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا