دوابەدوای واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس، لە قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنەکەدا لیستی 33 بارمتە بڵاوکرایەوە کە بڕیارە لەلایەن حەماسەوە ئازاد بکرێن.
ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل لە هەواڵیکدا نووسیوێتی ئیسرائیل پێی وایە زۆربەی ئەو 33 کەسە لە ژیاندان و بە پێی ئەو لیستە لە نێو بارمتەکاندا 12ژن و منداڵ و 21 پیاو هەن. ئەو دوو منداڵەی حەماس بە بارمتەی گرتوون، تەمەنیان 2 و 5 ساڵە.
بنیامین نەتانیاهو، سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند حەماس بەپێی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە یەکەمین بارمتەکان ئازاد دەکات.ئەمەش دوای 15 مانگ لە جەنگەکە کە بووە هۆی وێرانبوونی کەرتی غەززە.
ئەگەر ئاگربەستەکە سەرکەوتوو بێت ئەوا شەڕەکەی نێوان حەماس و هێزەکانی ئیسڕائیل ڕادەگرێت کە تاوەکو ئێستا بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 46,000 فەلەستینی و ئاوارەبوونی زۆربەی دانیشتوانەکەی غەززە.
هەروەها دەشبێتە هۆی کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ڕۆژی هەینی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسڕائیل بەردەوام بوون لە هێرشە ئاسمانییەکانییان، دەزگای فریاگوزاری مەدەنی وتی لانیکەم 101 فەلەستینی بە 58 ژن و منداڵەوە لە دوای ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنەکەوە کوژراون، ڕێککەوتنەکە ڕۆژی چوارشەممە ڕاگەیەندرا.
لە ژێر شەش هەفتەی یەکەمی ڕێککەوتنە سێ قۆناغەییەکەدا، حەماس 33 بارمتەی ئیسڕائیلی ئازاد دەکات، لەوانە سەرجەم ژنەکان و سەرباز و هاووڵاتیانی سڤیل و منداڵان و پیاوانی سەروو 50 ساڵ.
ئیسڕائیلیش لەلای خۆیەوە تاوەکو کۆتایی قۆناغی یەکەم سەرجەم ژن ئەو منداڵانەی کە خوار تەمەن 19 ساڵن لە زیندانەکانی ئیسڕائیل ئازاد دەکات. کۆی ئەو فەلەستینییانەی کە ئازاد دەکرێن پەیوەست دەبێت بەو بارمتانەوە کە ئازاد دەکرێن، دەکرێت لە نێوان 990 بۆ 1650 فەلەستینیدا بن، بە پیاو و ژن و منداڵانیشەوە.
ڕۆژی هەینی حەماس لە بەیاننامەیەکدا وتی ئەو بەربەستانەی هاتوونەتە بەردەم مەرجەکانی ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە چارەسەر کراون.
پەسەندکردنی ڕێککەوتنەکە نابێت بە فەڕمی هەتاوەکو ئەو کاتەی کابینەی ئاسایش و حکومەتی ئیسڕائیل پەسەندی دەکەن.
ڕۆژی هەینی ئۆفیسەکەی نەتانیاهو وتی کابینەی ئاسایشی ئیسڕائیل کۆدەبنەوە تاوەکو دواجار ڕێککەوتنی ئاگربەست پەسەند بکەن.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز