Accessibility links

قەتەڕ دەڵێت ئاگربەستی نێوان ئیسڕائیل و حەماس لە بەیانی ڕۆژی یەکشەممەوە دەست پێدەکات


وەزارەتی دەرەوەی قەتەڕ ڕۆژی شەممە،18ی مانگی یەک ڕایگەیاند ئاگربەستی نێوان ئیسڕائیل و حەماس لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێری داهاتوودا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

وەزیری دەرەوەی قەتەڕ مەجید ئەلئەنساڕی لە پۆستێکدا لە ئێکس وتی ئاگربەستەکە کاتژمێر 8:30 خولەکی بەیانی ڕۆژی یەکشەممە دەستپێدەکات. داوای لە خەڵکەکە کرد کاتێک ئاگربەستەکە دەستپێدەکات وریا بن و چاوەڕێی ڕێنمایی بن لە بەرپرسانەوە.

بەیانی زووی ڕۆژی شەممە کابینەی ئاسایشی ئیسڕائیل ڕێککەوتنی ئاگربەستی لە غەززە پەسەند کرد کە دەبێتە هۆی ئازادکردنی دەیان بارمتەی ئیسڕائیلی و شەڕەکەی ناو غەززە ڕادەگرێت، بەمەش هەنگاوێک نزیک دەبنەوە لە کۆتایی هێنان بە کوشندەترین و وێرانکەرترین جەنگ لە ناوچەکەدا.

سەرەڕای هەواڵەکان لەسەر ئاگربەست، ڕۆژی شەممە زەنگی ئاگادارکردنەوەی موشەک لە سەرانسەری ئیسڕائیلدا لێدراوە، سوپای ئەو وڵاتە وتی بەرپەرچی موشەکی داوەتەوە کە لە یەمەنەوە هەڵدراون. حوسییەکانی یەمەن کە ئێران پشتیوانییان لێدەکات لەم چەند هەفتەیەی دواییدا هێرشە موشەکییەکانییان زیاتر کردووە. حوسییەکان دەڵێن هێرشەکانییان بەشێکن لە هەڵمەتێک کە ئامانج لێی فشار خستنەسەر ئیسڕائیل و ڕۆژئاوایە لەسەر جەنگەکەی ناو غەززە.

هاوکات ئیسڕائیلیش بەردەوام بوو لە هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر غەززە. وەزارەتی تەندروستی غەززە وتی لە ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم 23 کەس کوژراون.

بەپێی قۆناغی یەکەمی ئاگربەستەکە، بڕیارە 33 بارمتەی ئیسڕائیلی لە ماوەی شەش هەفتەدا ئازاد بکرێن، لە بەرامبەریشدا ئیسڕائیل زیندانییە فەلەستینییەکان ئازاد دەکات. ئەو بارمتانەی کە دەمێننەوە، بە سەربازە پیاوەکانیشەوە، لە قۆناغی دووەمی ئاگربەستەکەدا ئازاد دەکرێن و لە قۆناغی یەکەمدا گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت. حەماس وتوویەتی ئەو بارمتانەی کە دەمێننەوە ئازادییان ناکات ئەگەر ئاگربەستێکی هەمیشەیی واژۆ نەکرێت و هێزەکانی ئیسڕائیل لە غەززە نەکشێنەوە.

بەپێی پلانەکە، لە قۆناغی یەکەمدا نزیکەی 1900 فەلەستینی زیندانیکراو لە زیندانەکانی ئیسڕائیلدا ئازاد دەکرێن، لە نێو ئەو ژمارەیەدا 1,167 کەسییان دانیشتووی غەززەن و لەلایەن ئیسڕائیلەوە گیراون و بەشدار نەبوون لە هێرشەکانی 7 ی مانگی 10 ی ساڵی 2023 ی حەماسدا بۆ سەر ئیسڕائیل. سەرجەم ژن و منداڵانی خوار تەمەن 19 ساڵ لەو قۆناغەدا لەلایەن ئیسڕائیلەوە ئازاد دەکرێن.

سەرجەم ئەو زیندانییە فەلەستینییانەی کە بە تۆمەتی ئەنجامدانی هێرشی کوشندە تۆمەتبار کراون دەربەدەر دەکرێن، یان ئەوەتا بۆ غەززە یان بۆ دەرەوە، گەڕانەوەیان بۆ ئیسڕائیل یاخود کەناری ڕۆژئاوا قەدەغە دەکرێت. هەندێکییان بۆ ماوەی سێ ساڵ دەربەدەر دەکرێن و هەندێکی دیکەیان بۆ تا هەتایە دەربەدەر دەکرێن، ئەمەش بەپێی پلانەکە.

حەماس ڕازی بووە لە یەکەم ڕۆژی ئاگربەستەکەدا سێ بارمتەی ژن ئازاد بکات، چوار بارمتەی دیکە لە حەوتەیەمین ڕۆژدا و 26 بارمتەکەی دیکەش لە ماوەی پێنج هەفتەی دواتردا ئازاد دەکرێن.

هەر بەپێی ڕێککەوتنەکە، هێزەکانی ئیسڕائیل دەکشێنەوە بۆ ناوچەیەکی داماڵدراو لە شەڕ کە لە ناو غەززەدایە و دەکەوێتە سەر سنووری ئیسڕائیل. ئەمەش ڕێگە دەدات ئاوارە فەلەستینییەکان بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانییان، لە شاری غەززە و باکووری غەززەش.

گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکانیش زیاتر دەبێت. بارهەڵگرەکانی یارمەتییە مرۆییەکان ڕۆژی هەینی لە خاڵی سنووری ڕەفەح لە دیوی میسڕەوە ڕیزییان گرتبوو بچنە ناو غەززەوە.

لە 7 ی مانگی 10 دا چەکدارانی حەماس هێرشییان کردە سەر ئیسڕائیل و 1200 کەسییان کوشت و زیاتر لە 250 کەسی دیکەیان بە بارمتە گرت. ئەو هێرشەی حەماس بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگەکە لە غەززە و بەرپرسانی تەندروستی غەززە دەڵێن زیاتر لە 46,000 فەلەستینی کوژراون، بە چەکدار و هاووڵاتیانی سڤیلیشەوە، وەزارەتەکە ئەوە جیا ناکاتەوە بەڵام دەڵێت کە زۆربەی کوژراوەکان منداڵ و ژن بوون.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG