Accessibility links

شەڕی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستینییەکانی کەرتی غەزە بەردەوامە


ڕۆژی یەکشەممە چەکدارە فەڵەستینییەکان موشەکییان بە ئاڕاستەی ئیسڕائیلدا هەڵدا، بەڵام هیچ زیانێکی گیانییان لێنەکەوتەوە، هاوکات هێزەکانی ئیسڕائیل بۆ سێیەمین ڕۆژ بەردەوام بوون لە ئەنجامدانی هێرشی موشەکی بۆ سەر کەرتی غەزە.

گروپی جیهادی ئیسلامی وتی شەوی ڕابردوو سەرکردەی باڵای گروپەکە خالید مەنسوڕ لە باشووری غەزە لەگەڵ دوو هاوەڵی و پێنج هاوڵاتی مەدەنیدا کوژراون. جیهادی ئیسلامی وتی " پێش ئەوەی خوێنەکانیان وشک ببێتەوە بۆردومانی نیشتەجێیەکانی دوژمن دەکەین."

نزیکەی 30 فەڵەستینی کە لانیکەم 3 هاوڵاتی مەدەنیی و دوو سەرکردەی باڵای جیهادی ئیسلامییان تێدابووە لە شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان ئیسڕائیل و چەکدارەکانی کەرتی غەزەدا کوژراون، هاوکات موشەکەکانی غەزە دەیان هەزاران هاوڵاتی ئیسڕائیلی ناچار کردووە پەنا بۆ پەناگەکان بدەن.

زەنگی ئاگادارکردنەوە لە ناوچەکانی میڤاسیریت زایۆن و کیریات ئەناڤیم و ئەبو گۆش و ئەو ناوچانەشی کە سێ کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای ئۆرشەلیمەوە دوورن لێدرا. وتەبێژێکی سوپای ئیسڕائیل وتی ئەو موشەکانەی ئاڕاستەی ئەو شارۆچکانە کراون بەرپەرچ دراونەتەوە. هیچ هەواڵێکیش نەبووە لەسەر کەوتنەوەی زیانی گیانی یاخود ماددی.

وتەبێژەکەی سوپای ئیسڕائیل وتی " ئارامی بە ئارامی وەڵام دەدرێتەوە، ئەگەر ئەوان بەردەوام بن لە تەقەکردن ئەوا ئێمەش بەردەوام دەبین. ئەگەر دانیشن و چیتر تەقە نەکەن ئەوا بارودۆخەکە ئارام دەبێتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG