Accessibility links

شاندێکی باڵای ئیسڕائیل لە دەوحەن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر غەززە


وتەبێژی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو وتی شاندێکی باڵای ئاسایشی ئیسڕائیل ڕۆژی یەکشەممە گەیشتووەتە قەتەڕ بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بارمتەکانی غەززە و ڕێککەوتنێکی ئاگربەست.

قەتەڕ و میسڕ و ئەمەریکا هەوڵی نوێ دەدەن بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنێک بۆ وەستاندنی شەڕەکەی غەززە و ئازادکردنی 98 بارمتە کە هێشتا لە غەززە ماونەتەوە، پێش ئەوەی دانۆڵد ترامپ لە 20 ی مانگی یەکدا وەکو سەرۆکی ئەمەریکا دەستبەکار بێت.

ئۆفیسەکەی نەتانیاهو وتی سەرۆکی موساد دەیڤد بارنیا و سەرۆکی دەزگای شین بێتی ئاسایشی ناوخۆی ئیسڕائیل ڕۆنان بار و بەرپرسی سەربازیی بۆ کاروباری بارمتەکان نیتزان ئالۆن لە نێو شاندەکەی ئیسڕائیلدان.

نوێنەری ترامپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ستیڤ ویتکۆڤ، ڕۆژی شەممە لەگەڵ نەتانیاهودا کۆبووەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ڕۆژی هەینی لەگەڵ سەرۆک وەزیری قەتەڕ شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئەلثانیدا کۆبووەوە.

بەرپرسانی ئیسڕائیلی و فەلەستینییەکان ئاماژەیان بەوەداوە کە لە ڕۆژی پێنجشەممەوە بەرەوپێشچوونێک هەبووە لە گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئیسڕائیل و حەماسدا، بەڵام وردەکاری زیاترییان نەدا.

لە مانگی 10 ی ساڵی 2023 دا چەکدارانی حەماس هێرشییان کردە سەر ئیسڕائیل و بەرپرسانی ئەو وڵاتە وتییان لەو هێرشەدا 1200 کەس کوژراون و زیاتر لە 250 کەسی دیکە بە بارمتە گیراون. ئەو هێرشەی حەماسیش بووە هۆی وەڵامدانەوەی ئیسڕائیل و هەڵگیرسانی جەنگەکە لە غەززەدا.

بەرپرسانی تەندروستی غەززە دەڵێن بەهۆی شەڕەکەوە زیاتر لە 46,000 فەلەستینی لە غەززە کوژراون، زۆربەی غەززە وێران بووە و ڕووبەڕووی قەیرانێکی سەختی مرۆیی بووەتەوە، زۆربەی دانیشتوانەکەشی ئاوارەبوون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG