Accessibility links

ئارامی باڵ دەکێشێت بەسەر سنووری نێوان ئیسڕائیل و غەزەدا


ڕۆژی دووشەممە ئاگربەستی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستینیەکان لەسەر سنووری نێوان غەزە و ئیسڕائیل بەردەوام بوو دوای ئەوەی فەڵەستینیەکان سەدان موشەکیان ئاڕاستەی ئیسڕائیل کرد و سوپای ئیسڕائیلیش بە هێرشی ئاسمانی وەڵامی دایەوە.

نوێترین شەڕ و پێکدادانەکانی ئیسڕائیل و فەڵەستینیەکان سێ ڕۆژ لەمەوبەر دەستی پێکرد و ڕۆژی یەکشەممە پێکدادانەکان گەیشتنە لوتکە، کاتێک موشەک و بۆمب هاوێژەکانی فەڵەستینیەکان بوونە هۆی کوژرانی چوار هاوڵاتی مەدەنی ئیسڕائیلی. هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیلیش بوونە هۆی کوژرانی 21 فەڵەستینی و نیوە زیاتریان هاوڵاتی مەدەنی بوون، ئەمەش بەپێی بەرپرسانی تەندروستی لە کەرتی غەزە.

ئیسڕائیل بە فەڕمی دان نانێت بە ڕێکەوتنەکانی ئاگربەستدا لەگەڵ گروپە چەکدارەکانی فەڵەستیندا و بە ڕێکخراوی تیرۆریستییان دەزانێت، بەرپرسێکی حکومەتەکەی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو ئاماژەی بە ئێراندا و وتی ئێران پشتیوانیکەری سەرەکیی جووڵانەوەی جیهادی ئیسلامییە و هۆکاری شەڕ و پێکدادانەکانی غەزە، ئێران بووە.

سوپای ئیسڕائیل لە ماوەی ڕابردوودا وتی لە ڕۆژی هەینیەوە زیاتر لە 600 موشەک و تۆپی دیکە ئاڕاستەی شار و گوندەکانی باشووری ئیسڕائیل کراون و بەرگری ئاسمانی ئیسڕائیل بەرپەرچی زیاتر لە 150 موشەکی داوەتەوە.

بەڵام لە بەیانی ڕۆژی دووشەممەوە ڕەوشەکە ئارام بۆتەوە.

بەرپرسانی فەڵەستینی وتیان میسڕ و قەتەڕ و نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆڵی نێوەندگیریان بینیوە لەم ئاگربەستەدا، لەکاتێکدا فەڵەستینیەکان خۆیان ئامادە دەکرد بۆ یەکەمین ڕۆژی مانگی ڕەمەزان.

ناتانیاهو لە بەیاننامەیەکدا وتی " لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا بە توندی لە حەماس و جیهادی ئیسلامیماندا و زیاتر لە 350 ئامانجمان پێکا. لە سەرکردەی تیرۆریستەکان و چالاکەوانەکانیانماندا و بیناکانی تیرۆریستانمان وێران کرد."

وتیشی " ئەم هەڵمەتە کۆتایی نەهاتووە و پێویستی بە ئارام گرتن هەیە. ئێمە خۆمان ئامادە دەکەین بۆ بەردەوام بوون. ئامانجەکە هەمیشە ئەوە بووە ئارامی و ئاسایش بۆ دانیشتوانی باشووری ئیسڕائیل دابین بکەین."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG