Accessibility links

بەهۆی هێرشێکی موشەکیەوە لە نزیک تەل ئەڤیڤ 7 کەس برینداربوون


وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیسڕائیل وتی موشەکەکە لە کەرتی غەززەوە هەڵدراوە کە لەژێر دەسەڵاتی حەماسدایە و ناتانیاهوش وتی بە توندی وەڵام دەداتەوە.

سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو وتی سەردانەکەی بۆ ئەمەریکا دەبڕێت دوای ئەو هێرشە موشەکیەی نزیک تەل ئەڤیڤ کە بووە هۆی برینداربوونی حەوت کەس.

نەتانیاهو کە ڕۆژی یەکشەممە گەیشتە ئەمەریکا لە سەردانێکدا کە چوار ڕۆژ دەخایەنێت پێش هەڵبژاردنەکانی ئیسڕائیل کە وابڕیارە لە 9 ی مانگی چواردا بەڕێوەبچێت وتی بەزووترین کات دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ دەگەڕێتەوە بۆ ئیسڕائیل.

هێرشەکە لە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ڕوویداوە لە شارۆچکەی مشمیریت کە شارۆچکەیەکی کشتوکاڵیە دەکەوێتە باکووری تەل ئەڤیڤەوە.

ناتانیاهو وتی " بەهۆی ڕەوشی ئەمنییەوە بڕیارمدا سەردانەکەم بۆ ئەمەریکا ببڕم."

خزمەتگوزاری فریاکەوتنی ئیسڕائیل وتی حەوت کەس برینداربوون کە لە نێویاندا کۆرپەیەکی تەمەن سێ ساڵ و منداڵێکی تەمەن 12 ساڵ و ئافرەتێکی بەتەمەنی تێدایە.

هێشتا هیچ لایەنێک لە غەززە بەرپرسیارێتی هێرشەکەیان ڕانەگەیاندووە و فەڵەستینییەکانیش خۆیان ئامادە دەکەن بۆ وەڵامدانەوەی ئیسرائیل.

نەتانیاهو وتی دوای ئەوەی وتوێژی لەگەڵ سەرکردایەتی سوپا و هەواڵگریدا کردووە، بڕیاری گەڕانەوەی بۆ ئیسڕائیل داوە. وابڕیاربوو نەتانیاهو وتارێک بدات لەبەردەم لیژنەی کاروباری گشتی ئەمەریکی ئیسڕائیلیدا.

بەڵام وتی " لە چەند کاتژمێری داهاتوودا چاوم بە سەرۆک ترامپ دەکەوێت و دوای ئەوە بەزووترین کات دەگەڕێمەوە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری ڕەوشەکە بم."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG