وەزیری بەرگری ئیسڕائیل بێنی گانتز دەڵێت ئێران زیاتر لە 10 کارگەی سەربازیی لە سوریا بەکارهێناوە بۆ بەرهەمهێنانی موشەکی پێشکەوتوو و چەک بۆ بریکارەکانی.
ماوەی چەند ساڵێکە ئیسڕائیل بەردەوام بووە لە هێرش کردنە سەر " ئامانجەکانی سەر بە ئێران لە سوریادا."
تاوەکو ئێستا ئێران و سوریا لێدوانییان نەداوە، بەڵام لە ڕابردوودا دیمەشق ڕەتی کردۆتەوە لێدوان لەسەر ئەو جۆرە تۆمەتانە بدات و تارانیش ڕەتی کردۆتەوە چەک لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرهەم بهێنێت.
گانتز لە میانەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە نیویۆرک نەخشەیەکی پێشکەش کرد و لە نەخشەکەدا شوێنە سەربازییەکانی ناوەندی دیتود ئیت دی ڕیسێرچز ساینتیفیکسی پیشاندا، ناوەندەکە دەزگایەکی حکومەتی سوریایە و دەستی هەیە لە بەرهەمهێنانی موشەک و چەکدا بۆ ئێران.
گانتز گوتی " ئێران ناوەندەکەی گۆڕیوە بۆ کارگەی بەرهەمهێنانی چەک و موشەکی مەودا ناوەند و درێژ، ئەو موشەک و چەکانەش دەدرێن بە حیزبوڵا و بریکارەکانی ئێران. بووەتە بەرەیەکی دیکەی ئێران، کارگەیەک بۆ چەکی پێشکەوتوو و ستراتیژی."
سەرچاوە دیبلۆماتییەکانی ناوچەکە و سەرچاوە هەواڵگرییەکان بە ڕۆیتەرزیان وت ئەو هێرشە ئاسمانییانەی ئەمدواییانە کە خراونەتە پاڵ ئیسڕائیل، فڕۆکەخانەکانی سوریایان کردۆتە ئامانج تاوەکو تواناکانی ئێران بۆ گواستنەوەی چەکەکانی بۆ سوریا و لوبنان لەڕێی ئاسمانەوە تێک بدات.
هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیل چەند جارێک ناوچەی مەسیافییان کردۆتە ئامانج، گانتز دەڵێت ئەو ناوچەیە کارگەیەکی ژێرزەمینی دروستکردنی چەکی لێییە و هەڕەشەیە بۆ سەر ئیسڕائیل و ناوچەکە.
گوتی " مەسیاف بەدیاریکراوی بەکارهێندراوە بۆ بەرهەمهێنانی موشەکی پێشکەوتوو."
گوتیشی ئێران کاردەکات بۆ بونیادنانی پیشەسازی دروستکردنی موشەک و چەک لە لوبنان و یەمەندا.
گوتی " ئەگەر ئەمە لە ماوەی 10 ساڵدا ڕانەگیرێت، ئەوا پیشەسازی پێشکەوتووی ئێران لە سەرانسەری ناوچەکەدا دەردەکەون و چەک بەرهەم دەهێنن و تیرۆر بڵاودەکەنەوە."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
وەزیری بەرگری ئیسڕائیل دەڵێت ئێران کارگەکانی سوریا بۆ بەرهەمهێنانی چەک بەکاردەهێنێت
