Accessibility links

وەزیری بەرگری ئیسرائیل بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پـێگەسس و چەند بابەتێکی دیکە سەردانی فەرەنسا دەکات


بێنی گانتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل لەم هەفتەیەدا گەشتێک بۆ فەرەنسا دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بەرنامەی سیخوڕی پـێگەسس کە لەلایەن کۆمپانیایەکی سایبەری ئیسرائیلەوە بە ناوی NSO دروستکراوە، وە دەوترێت ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا یەکێک بووە لەوانەی بەم بەرنامەیە سیخوڕی بەسەر کراوە.

بە گوێرەی هەواڵێکی ڕۆژنامەی لومۆندی فەرەنسی، مۆبایلەکەی ماکرۆن بە بەرنامەی پـێگەسس سیخوڕی بەسەر کراوە و گومان دەکرێت وڵاتی مەغریب لە پشت ئەم کارەوە بێت. سەرۆکی فەرەنسا لەم بارەیەوە داوای لێکۆڵینەوەی کردووە.

بەپێی ڕاگەیاندنێکی فەرمی ئۆفیسی وەزیری بەرگری ئیسرائیل، بڕیارە بێنی گانتز ڕۆژی چوارشەممه بگاتە پاریس و لەوێ لەگەڵ فلۆرانس پارلی، وەزیری بەرگری فەرەنسا کۆببێتەوە و وتووێژبکەن لە بارەی ئەم بەرنامە سیخوڕیـیە و قەیرانی لوبنان و وتووێژەکانی لەگەڵ ئێران سەبارەت بە بەرنامە ناوکیـیەکە.

پـێگەسس چیـیە؟

پـێگەسس چیـیە و کێی پـێکراوەتە ئامانج؟
please wait

No media source currently available

0:00 0:02:00 0:00

وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل سەرپەرشتی هەموو ئەو کارە بازرگانیانە دەکات کە کۆمپانیاکانی تەکنیکی ئیسرائیل دەیکەن بە بەرنامەکانی سیخوڕی و تەکنەلۆژیای چاودێری سایبەری وەک پێگەسس دەکات. واتە هەر وڵات و لایەنێک مۆڵەتی بەکارهێنانی ئەم بەرنامەیەی پـێدەدرێت وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل لێی ئاگادارە.

لێکۆڵینەوەیەکی جیهانی کە هەفتەی ڕابردوو لە لایەن 17 ڕێکخراووی میدیاییەوە بڵاوبوویەوە و بە ڕێبەری گروپی ڕۆژنامەنووسانی قازانج نەویستی Forbidden Stories بنکە لە پاریس بەڕێوەچوبوو، ڕایگەیاند کە پێگەسس بۆ هاککردنی مۆبایلی ڕۆژنامەنووسان و بەرپرسانی حکومی و چالاکوانانی مافی مرۆڤ بەکارهاتووە. وەک باس دەکرێت بە لایەنی کەم 180 ڕۆژنامەوان و 600 کەسایەتی سیاسی و 85 چالاکوانی بواری مافەکانی مرۆڤ و 65 کاردار کراونەتە ئامانج بەم بەرنامەیە.

ئیسرائیل لای خۆیەوە تیمێکی باڵای پـێکهێناوە بۆ هەڵسەنگاندنی هەر جۆرە خراپ بەکارهێنانێکی ئەم بەرنامە سیخوڕییە.

کۆمپانیای NSO دەڵێت ئەو بەرنامەکەی بۆ بەگژداچوونەوەی تێرۆر و تاوان دروستکردووە. ژالیڤ خولیۆ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە دەشڵێت بە ئاگاداری حکومەتی ئیسرائیل مۆڵەتی بەکارهێنانی بەرنامە سیخوڕیـیەکانی داوە بە 45 وڵات.

میدیاکانی ئیسرائیل دەڵێن گەشتەکەی گانتز پێش پرسی NSO پلانی بۆ داڕێژراوبوو و مەبەستی گەشتەکەش تاوتوێکردنی قەیرانی ئابوری لوبنانە و هەروەها تاوتوێکردنی هەوڵی زلهێزانی جیهان بۆ دەستپێکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ئێران.

سەرچاوە / فڕانس پـرێس

XS
SM
MD
LG