Accessibility links

پـێگەسس و هەواڵی هاککردنی مۆبایلی چەند سەرکردەیەکی باڵای کورد و عێراق


شازادەی جێنیشنی ئیماراتی عەرەبی، موحەمەد بن زاید، رۆژی یەکشەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق، نێچیرڤان بارزانی، پیرۆزبایی جەژنی قوربانی لە " گەلی کوردستان" کرد.

ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە ڕەنگە دۆستایەتییەکی بەهێز لە نێوان هەولێر و ئەبوزەبیدا دەربخات، بەڵام کۆمەڵێک بەڵگەنامەی نوێ دەریدەخەن ئاژانسی هەواڵگری ئیمارات هەوڵیداوە سیخوڕی بەسەر سەرکردەکانی کوردەوە بکات.

ڕێکخراوی چاودێری میدیایی فەرەنسی Forbidden Stories دەستی گەیشتووە بە کۆمەڵێک بەڵگەنامە کە نیشانیدەدەن دەزگا هەواڵگرییەکانی ئیمارات و عەرەبستانی سعودییە ئەپڵیکەیشنێکی بەهێزی سیخوڕی ئیسرائیلیان بەکارهێناوە تا دەستیان بگاتە ناوەڕۆکی مۆبایلی تایبەتی چەند سەرکردەیەکی عێراقی و کوردی کە یەکێکیان مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقە.

ئەم زانیارییە ماڵپەڕی لوبنانی "دەرەج" بڵاویکردۆتەوە کە یەکێکە لەو میدیایەنەی لەلایەن رێکخراوە فەرەنسییەکەوە هەڵبژێردراوە تا بەڵگەنامەکان ڕووماڵ بکات. حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی پرسیاری دەنگی ئەمریکای لەبارەی ئەو بەڵگەنامانە نەدایەوە.

پێگەسس چییە و چۆن کاردەکات؟

پێگەسس Pegasusناوی ئەو سۆفتوێرە یاخود پرۆگرامە کۆمپیوتەریە سیخوڕیەیە کە کۆمپانیایەکی ئیسرائیلی بە ناوی NSO Group دروستی کردووە. پسپۆڕانی تەکنۆلۆژیا دەڵێن بەرنامەکە هێندە بەهێزە کە دەتوانێت دەستبگرێت بەسەر تەواوی ناوەڕۆکی مۆبایلە زیرەکەکان لە وێنە و ڤیدیۆ و دەنگی تۆمارکراو. هەروەها، دەکرێت بەکاربهێنرێت بۆ گوێگرتن لە پەیوەندییە تەلەفۆنیە هاککراوەکان.

کۆمپانیا ئیسرائیلەکە دەڵێت ئەم سۆفتوێرەی بۆ دەستنیشانکردن و تۆمارکردنی تاوانباران و تیرۆریستان دروست کردووە. کۆمپانیاکە بە توندی ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە کە کۆمپانیاکە یارمەتیدەر بووبێت بۆ سیخوڕیکردن بەسەر سیاسەتمەدار و ڕۆژنامەوانان و کەسایەتیەکانی تری جیهانی.

دڵشاد عوسمان، پسپۆڕی ئاسایشی کومپیوتەری (سایبەر سیکیوریتی) لە واشنتنی پایتەختی ئەمریکا، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، "ئەمە یەکەم جارە دەزانین کە سەرۆکی حکومەتەکان لەلایەن ئەم پرۆگرامە سیخوڕیـیەوە کراونەتە ئامانج. لە ڕابردوودا، پێگەسس لەلایەن هەندێک حکومەتەوە بۆ بە ئامانجکردنی چالاکوان و ڕۆژنامەنووس و ڕەخنەگران بەکاردەهێنرا."

پێگەسس کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەتی ئیسرائیل دروستیکردووە نەک حکومەتی ئیسرائیل.

بەپێی راپۆرتە میدیایەکان چەند سەرکردەیەکی دیاری دیکەی عێراق بوونەتە قوربانی پێگەسس، لەوانە:

  • سەرۆک کۆماری عێراق بەرهەم ساڵح
  • سەرۆک وەزیرانی عێراق مستەفا کازمی (پێش ئەوەی ببێتە سەرۆک وەزیر)
  • ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی ئاینی شیعەکانی عێراق
  • ئەبوو مەهدی موهەندیس، دامەزرێنەری ڕێکخراوی چەکداری حیزبوڵڵای عێراق، کە لەگەڵ فەرماندەی ئێرانی قاسم سولەیمانی دا لەلایەن ئەمریکاوە ساڵی 2020 کوژرا.

ئیمارات و سعودییە تا ئێستا لەبارەی بەڵگەنامەکان لێدوانیان نەداوە. کۆمپانیای دروستکەری پێگەسس دەڵێت گرێبەستی کارکردنی لەگەڵ هەردوو حکومەت هەڵوەشاندۆتەوە دوای ئەوەی دەرکەوت بەرنامەکە بۆ سیخوڕیکردن بەسەر رۆژنامەوانان و چالاکوانانی سیاسییەوە بەکارهێنراوە.

ئەم ڕاپـۆرتە لە ئامادەکردنی نامۆ عەبدوڵا و سیروان قەججۆ و ڕێکار حسێن

XS
SM
MD
LG