Accessibility links

وەزیری وزەی ئیسڕائیل دژایەتی بیرۆکەی پڕۆگرامێکی ئەتۆمی مەدەنی سعودیە دەکات


وەزیری وزەی ئیسڕائیل، ئیسڕائیل کاتز
وەزیری وزەی ئیسڕائیل، ئیسڕائیل کاتز

وەزیری وزەی ئیسڕائیل دژایەتی خۆی دەربڕی بەرامبەر بیرۆکەی پەرەپێدان بە پڕۆگرامێکی ئەتۆمی مەدەنی لەلایەن سعودیەوە وەکو مەرجێک بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی سعودیە لەگەڵ ئیسڕائیلدا.

لە مانگی سێدا ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە ئەو جۆرە پڕۆگرامە لە نێو مەرجەکانی سعودیەدایە بۆ ڕێککەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسڕائیلدا. تاوەکو ئێستا بەرپرسانی سعودیە و ئەمەریکا ئەو بابەتەیان پشتڕاست نەکردۆتەوە.

ئیسڕائیل لە مێژە نیگەرانە سەبارەت بە ئەگەری ئەوەی وڵاتانی دراوسێی وزەی ئەتۆمی مەدەنی و ئەو پڕۆژانەی کە بەپێی پەیماننامەی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی لە ساڵی 1970 دا پەرەیان پێدراوە بەکاربهێنن وەکو داپۆشینێک بۆ دروستکردنی بۆمبی نهێنی.

کاتێک سەبارەت بە ئەگەری بوونی پڕۆگرامێکی ئەتۆمی مەدەنی سعودیە وەکو مەرجێک بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعودیە و ئیسڕائیل پرسیاری لێکرا، وەزیری وزەی ئیسڕائیل، ئیسڕائیل کاتز بە کەناڵی ینێتی وت " بە شێوەیەکی سروشتی، ئیسڕائیل هانی ئەو جۆرە شتانە نادات. پێم وانیە ئیسڕائیل دەبێت بەو جۆرە شتانە ڕازیبێت."

هەفتەی ڕابردوو ئیسڕائیل وتی پێشبینی دەکات ئەمەریکا گفتوگۆی لەگەڵدا بکات سەبارەت بە هەر ڕێککەوتنێکی نێوان ئەمەریکا و سعودیە کە کاریگەری لەسەر ئاسایشی نیشتیمانی ئیسڕائیل هەبێت. ئیسڕائیل کە لە دەرەوەی پەیماننامەی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمییە، وزەی ئەتۆمی نیە، بەڵام باوەڕوایە چەکی ئەتۆمی هەبێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG