Accessibility links

بەهۆی کوژرانی کارمەندە مرۆییەکانەوە، سوپای ئیسڕائیل دوو ئەفسەر دووردەخاتەوە


هێزەکانی بەرگری ئیسڕائیل ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند دوو ئەفسەرییان دوورخستووەتەوە کە پەیوەندییان هەبووە بەو هێرشە ئاسمانییەوە کە بووە هۆی کوژرانی حەوت کارمەندی یارمەتییە مرۆییەکان لە کەرتی غەززەدا.

لە بەیاننامەیەکدا هێزەکانی بەرگری ئیسڕائیل ڕایگەیاند لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکاندا لە ڕووداوەکەی 1 ی مانگی چوار، فەرماندەی لیوایەک و سەرۆک ئەرکانی گشتی لیوایەک دووردەخرێنەوە. فەرماندەی لیوایەک و فەرماندەی یەکەیەک و بەرپرسی سەرکردایەتی باشوور سەرجەمییان سەرزەنشت کراون.

هێزەکانی بەرگری ئیسڕائیل لە بەیاننامەکەدا وتی ئەفسەرەکان هەڵەیان کردووە لە ناسینەوەی سێ ئوتومبێلدا کە سەر بە ڕێکخراوی یارمەتی خۆراکی چێشتخانەی ناوەندی جیهانی بوون، پێیان وابووە چەکدارێکی حەماس لە بارهەڵگرەکاندا خۆی شاردووەتەوە.

وتیشی " هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر سێ ئوتومبێل پێشێلکردنی مەترسیداری فەرمانەکان و ڕێوشوێنە ستانداردەکانی کارکردنی هێزەکانی بەرگری ئیسڕائیل بوون."

وتیشی " ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە ڕووداوەکە دەکرا ڕووی نەدایە. ئەوانەی کە هێرشە ئاسمانییەکەیان پەسەند کردووە باوەڕییان وابووە کە چەکدارانی حەماس دەکەنە ئامانج نەک کارمەندانی چێشتخانەی ناوەندی جیهانی."

ئاماژەشی بەوەدا " هێزەکانی بەرگری ئیسڕائیل ڕووداوە مەترسیدارەکە زۆر بە جددی وەردەگرێت کە بووە هۆی گیان لە دەستدانی حەوت کارمەندی مرۆیی نێودەوڵەتی. پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی خێزانی قوربانییان و ڕێکخراوی چێشتخانەی ناوەندی جیهانی دەکەین."

لە ماوەی ڕابردوودا ئیسڕائیل وتی هەنگاوی زیاتر دەگرێتەبەر بۆ کارئاسانیکردن لە گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو کەرتی غەززە، لەوانەش دووبارە کردنەوەی خاڵێکی سنووریی سەرەکی لە باکووری غەززەدا.

ڕێوشوێنە نوێیەکان بریتین لە دووبارە کردنەوەی خاڵی سنووری ئێرێز و بەکارهێنانی بەندەری ئاشدود. خاڵی سنووری ئێرێز تەنها تێرمیناڵی سەرنشینەکان بوو کە هاووڵاتییان دەیانتوانی لەو تێرمیناڵەوە گەشت بکەن بۆ غەززە و بە پێچەوانەشەوە لە غەززەوە گەشت بکەن بۆ ئیسڕائیل. هاوکات باری یارمەتییەکان لە ڕێی بەندەری ئاشدودی ئیسڕائیلەوە دەپەڕنەوە. یارمەتییە مرۆییەکانی ئوردنیش لەو بەندەرەوە دەچنە ناو غەززەوە.

ئۆفیسی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل وتی " ئەم زیادکردنی یارمەتییانە ڕێگری دەکات لە کەوتنەوەی قەیرانێکی مرۆیی و پێویستە بۆ دڵنیابوونەوە لە بەردەوامیدان بە شەڕەکە و بە دەستهێنانی ئامانجەکانی جەنگەکە."

ڕاگەیاندنەکەی ڕۆژی هەینی ئیسڕائیل دوای پەیوەندییەکی تەلەفونی توندی نێوان نەتانیاهو و سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدندا دێت.

ڕۆژی پێنجشەممە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا بە سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهوی وت بەردەوامبوونی پشتیوانییەکانی ئەمەریکا بۆ جەنگەکەی ئیسڕائیل لەگەڵ حەماسدا پەیوەست دەبێت بەوەوە کە چۆن ئیسڕائیل ڕێوشوێن دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیلی فەلەستینی لە غەززە و ئەو کارمەندە مرۆییانەی کە هەوڵ دەدەن خۆراک ببەن بۆ هاووڵاتییانە.

چەند ڕۆژێک دوای هێرشە ئاسمانییەکەی هێزەکانی ئیسڕائیل کە بووە هۆی کوژرانی حەوت کارمەندی یارمەتییە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان، کۆشکی سپی وتی بایدن لە پەیوەندییە تەلەفونییەکەدا بە نەتانیاهوی وتووە کە " هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر کارمەندانی مرۆیی و دۆخی مرۆیی بە گشتی جێی قبووڵکردن نیە."

وتی بایدن داوای کردووە هەنگاوی نوێ بگیردرێتەبەر بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیل و " ئاگربەستێکی دەستبەجێ " لە جەنگەکەدا.

لە بڕۆکسلیش وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئەگەر ئەو گۆڕانکارییانە نەبینین کە دەمانەوێت بیانبینین، گۆڕانکاری دەبێت لە سیاسەتماندا."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG