Accessibility links

ئیسڕائیل دەڵێت پەرە بە چەکێکی لەیزەر دەدات بۆ تێکشکاندنی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان


وەزارەتی بەرگری ئیسڕائیل و کۆمپانیای ئیلبیت سیستمز دەڵێن پەرە بە چەکێکی لەیزەری هەوایی دەدەن بۆ تێکشکاندنی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان و ئامانجەکانی دیکە لە ئاسماندا، بەرپرسانی ئیسڕائیل وتیان پێدەچێت تاوەکو ساڵی 2025 نموونەکەی ئامادە ببێت.

بەرپرسانی ئیسڕائیل وتیان دەکرێت چەکە لەیزەرەکە کە هێشتا ناوی لێنەندراوە لەگەڵ سیستمەکانی بەرگری ئاسمانی ئیسڕائیلدا تێکەڵ بکرێت، لەو سیستمانەش سیستمی بەرگری ئاسمانی کڵاوەی ئاسنی کە بۆ بەرپەرچدانەوەی موشەکە مەودا کورتەکان بەکاردەهێندرێت، هەروەها سیستمی هەڵواسی داود و سیستمی تیر کە دژی موشەکە باڵیستیکییەکان بەکاردەهێندرێن.

ئەندامی بەشی توێژینەوە و گەشەپێدانی وەزارەتی بەرگری ئیسڕائیل جەنەڕاڵ یانیڤ ڕۆتیم بە ڕۆژنامەنووسانی وت تاقیکردنەوە سەرەتاییەکانی ئەمدواییانە لەسەر لەیزەرەکە کە لەسەر فڕۆکەیەکی سووک بەستراوە، سەرکەوتوو بووە لە خستنەخوارەوەی کۆمەڵێك فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لە دووری یەک کیلۆمەترەوە.

یانیڤ ڕۆتیم وتی " ئەوەندەی بزانین ئێمە یەکەمین وڵات دەبین، ئەگەر یەکەمیش نەبین بەدڵنیاییەوە یەکێکین لەو وڵاتانەی کە هەوڵی ئەمەیداوە و سەرکەوتوو بوون."

کۆمپانیای ئیلبیت سیستمز سیستمی بەرگری ئاسمانی سی- میوزیک بەرهەم دەهێنێت کە بە فڕۆکەیەکەوە دەبەسترێت و لەیزەر بەکاردەهێنێت بۆ " کوێرکردنی " ئەو موشەکانەی دێن. بەرپرسێکی باڵای کۆمپانیاکە ئۆرین ساباگ وتی ئەم چەکە لەیزەرە نوێیە تەکنەلۆجیای بەدواداچوونی هاوشێوەی سی- میوزیکی تێدا دەبێت بەڵام لەڕێی گەرمکردنی ئامانجەکەیەوە لە ماوەی چەند چرکەیەکدا تێکیدەشکێنێت.

ڕۆتیم وتی نموونەیەکی 100- کیلۆواتی بە مەودای 20 کیلۆمەترەوە لەوانەیە لە ماوەی سێ بۆ چوار ساڵدا ئامادە بێت، بەڵام ئەو جۆرەی کە پێشنیارکراوە بۆ ئەرکەکان ماوەیەکی زۆرتری پێدەچێت تاوەکو ئامادە دەبێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG