کەسوکاری ئەو بارمتانەی کە هێشتا لەلایەن چەکدارەکانەوە لە غەززە گیراون داوایان لە سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو کرد دڵنیا ببێتەوە لەوەی سەرجەم بارمتەکان ئازاد بکرێن، هاوکات داوایان لە سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپیش کرد بەردەوام بێت لە فشارەکان بۆ ئازادکردنی بارمتەکان.
لە کاتێکدا کە ئاگربەستە شەش هەفتەییە ناجێگیرەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماس چووە ڕۆژی شەشەمییەوە، ئیسڕائیلییەکان بە پەرۆشەوە چاوەڕێی ناوەکانی ئەو چوار بارمتەیەی دواترییان دەکرد لە کۆی 90 بارمتە کە دەبێت لەلایەن حەماسەوە ئازاد بکرێن.
ئیسڕائیل باوەڕی وایە کە نزیکەی چارەکێک یاخود نیوەی ئەو زیاتر لە 90 بارمتەیەی کە هێشتا لە غەززە ماونەتەوە گیانیان لە دەستدا بێت. حەماس هیچ زانیارییەکی بڵاونەکردووەتەوە لەسەر ئەوەی چەند بارمتە هێشتا لە ژیاندا ماون یاخود ناوی ئەو بارمتانەی کە گیانییان لە دەستداوە.
ئایلەت سامیرانۆ کە کوڕەکەی بە ناوی یۆناتان سامیرانۆوە یەکێکە لەوانەی کە هێشتا لە غەززە گیراون، وتی " سەرۆک ترامپ، سوپاس بۆ ئەو ساتە خۆشییانەی کە لەم هەفتەیەدا هەستمان پێکرد. بەڵام دەمانەوێت پێت بڵێین کە هێشتا 94 بارمتە ماونەتەوە، پێویستە هەموویان بگەڕێنینەوە ماڵەوە. تکایە مەوەستە. تکایە بەردەوامبە لە فشارکردن و هەمووشتێک بکە بۆ ئەوەی ئەو 94 بارمتەیەی کە ماونەتەوە دەستبەجێ بگەڕێنەوە ماڵەوە."
لە قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاگربەستەکەدا، پێشبینی دەکرێت 33 بارمتە قۆناغ بە قۆناغ ئازاد بکرێن، لە بەرامبەر ئەوەشدا ئیسڕائیل سەدان زیندانی فەلەستینی لە زیندانەکانیدا ئازاد دەکات.
ڕۆژی یەکشەممە یەکەمین سێ بارمتە لەلایەن حەماسەوە ئازاد کران و لە بەرامبەردا ئیسڕائیل 90 زیندانی فەلەستینی ئازاد کرد.
بەپێی ڕێککەوتنەکە، ڕۆژی هەینی حەماس دەبێت ناوی ئەو چوار بارمتەیەی دیکە ئاشکرا بکات کە ڕۆژی شەممە دەبێت ئازاد بکرێن، دواتر ئیسڕائیلیش لیستێکی ئەو زیندانییە فەلەستینییانە بڵاودەکاتەوە کە ئازادییان دەکات.
لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی 2023 دا چەکدارانی حەماس هێرشییان کردە سەر ئیسڕائیل و بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەڵێن 1200 ئیسڕائیلی لەو هێرشەدا کوژراون و زیاتر لە 250 کەسیش بە بارمتە لەلایەن چەکدارەکانەوە بە بارمتە گیران. ئەو هێرشەش بووە هۆی وەڵامدانەوەی ئیسڕائیل لە غەززە و هەڵگیرسانی شەڕەکە لەو کەرتەدا. بەرپرسانی تەندروستی فەلەستینییەکان دەڵێن زیاتر لە 46,000 فەلەستینی کوژراون و کەرتی غەززەش وێران بووە و سەرجەم دانیشتوانەکەی غەززەش ئاوارە بوون.
لە مانگی یانزەی ساڵی ڕابردوودا لە ماوەی ئاگربەستێکی کورتدا نزیکەی 100 بارمتە ئازاد کران، لاشەی دەیان بارمتەی دیکەش لە غەززە دۆزراونەتەوە و هەشت بارمتەش لەلایەن سوپای ئیسڕائیلەوە ڕزگار کراون.
سامیرانۆ وتی " لێرەوە داوا لە سەرۆک وەزیر و تیمی دانوستکار دەکەم کە هەرچی دەکرێت ئەنجامی بدەن بۆ گەڕاندنەوەی هەمووان، تاوەکو دوایین بارمتە. داواتان لێدەکەین قۆناغی دووەم پێش کۆتایی هاتنی قۆناغی یەکەم ڕێککەوتنی لەسەر بکرێت. ناتوانین چیتر لە نادیاریدا بژین. سەرجەم بارمتەکان دەبێت بگەڕێنەوە، هیچ کامێکیشیان کاتییان نەماوە."
ئەو 33 بارمتەیەی کە لە قۆناغی یەکەمدا ئازاد دەکرێن بریتین لە ژن و منداڵ و خەڵکی نەخۆش و ئەوانەی کە تەمەنییان لە سەروو 50 ساڵەوەیە، بە نزیکەیی سەرجەم هاووڵاتییە مەدەنییەکان. حەماس پابەند کراوە بەوەی کە لە قۆناغی یەکەمدا سەرجەم سەربازە ژنەکان ئازاد بکات، بەڵام پێشبینی ناکرێت لە قۆناغی یەکەمدا سەربازە پیاوەکان ئازاد بکرێن.
بەپێی مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە، فەلەستینییەکان ئازادییەکی زیاترییان دەبێت لە هاتوچۆکردن لە باکوورەوە بۆ باشووری غەززە. هاووڵاتیان لە باشوور ڕێگەیان پێدەدرێت ڕێگایەکی سەر کەنار دەریاکە بەکاربهێنن بۆ گەیشتن بە باکوور.
سەرچاوە/ AP
لە ڕۆژی شەشەمی ئاگربەستی نێوان ئیسڕائیل و حەماس، چاوەڕێی دەکرێت ناوی 4 بارمتەی دیکە بۆ ئازادکردنیان ڕابگەیەنرێت
