Accessibility links

سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستینیەکان و وەزیری بەرگری ئیسڕائیل کۆدەبنەوە


وەزیری بەرگری ئیسڕائیل بێنی گانتز
وەزیری بەرگری ئیسڕائیل بێنی گانتز

وەزیری بەرگری ئیسڕائیل بێنی گانتز لەگەڵ سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستینیەکان مەحمود عەباسدا لە کۆبوونەوەیەکی ئاست بەرزدا چاوییان بەیەکتر کەوت، بەڵام سەرچاوەیەکی نزیک لە سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل نەفتاڵی بێنێتەوە جەختی لەوە کردەوە حکومەتی ئیسڕائیل هیچ پلانێکی نیە بۆ دووبارە زیندووکردنەوەی دانوستانەکانی ئاشتی.

وەزیری بەرگری ئیسڕائیل بێنی گانتز لە ڕامەڵا لەگەڵ مەحمود عەباسدا کۆبۆوە، ئەمەش لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا یەکەمین کۆبوونەوەی ڕاستەوخۆی نێوان ئەندامێکی کابینەی حکومەتی ئیسڕائیل و ڕابەری فەڵەستینیەکانە.

ئۆفیسی بێنی گانتز وتی کۆبوونەوەکە جەختی لە " سیاسەتی ئاسایش و هاوڵاتیانی مەدەنی و کێشە داراییەکان " کردۆتەوە، هەروەها چەند کاتژمێرێک دوای گەڕانەوەی نەفتاڵی بێنێت هات لە ئەمەریکا کە لەوێ لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدندا کۆبۆوە.

لەلای خۆیەوە بایدن وتی داوا لە بێنێت دەکات ڕێگا بدۆزێتەوە " بۆ بەرەوپێشبردنی ئاشتی و ئاسایش و خۆشگوزەرانی بۆ ئیسڕائیلیەکان و فەڵەستینیەکانیش."

بەگوێرەی بەیاننامەکەی وەزارەتی بەرگری ئیسڕائیل، گانتز بە عەباسی وتووە ئیسڕائیل " هەوڵی ئەوە دەدات کۆمەڵێک ڕێوشوێن بگرێتەبەر بۆ بەهێزکردنی ئابووری فەڵەستین."

هەروەها " باسیان لە هێنانەدی ڕەوشێکی ئاسایش و ئابووری کردۆتەوە لە کەناراوەکانی ڕۆژئاوا و غەزە و ڕێکەوتوون لەسەر بەردەوام بوون لە پەیوەندییەکانی نێوانیان."

سەرچاوەیەکی نزیک لە بێنێتەوە وتی کۆبوونەوەکە " سەنگی خستۆتەسەر کێشەکانی نێوان دامەزراوەی بەرگری ئیسڕائیل و دەسەڵاتی فەڵەستینیەکان."

سەرچاوەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت وتی " لە ژێر فەرمانڕەوایی بێنێتدا هیچ پڕۆسەیەکی ئاشتی لەگەڵ فەڵەستینیەکاندا نیە و لە داهاتووشدا نابێت."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG