Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل گەیشتە بەحرەین و سەردانی بنکەی هێزی دەریایی ئەمەریکای کرد


بەحرەین میوانداری وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل یائیر لاپیدی کرد، دوابەدوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لە ساڵی ڕابردوودا، ئەمە بە یەکەمین سەردانی بەرپرسێکی باڵای ئیسڕائیل دادەندرێت بۆ ئەو وڵاتە.

یائیر لاپید لەمیانەی سەردانەکەیدا بۆ بەحرەین سەردانی بنکەی هێزی دەریایی ئەمەریکاشی کرد.

وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل لەگەڵ پاشای بەحرەین حەمەد بن عیسا ئەل خەلیفە و شازادەی جێنشین و سەرۆک وەزیری بەحرەین سەلمان بن حەمەد ئەل خەلیفەدا کۆبۆوە.

لاپید لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویەتی " سەرکردایەتیەکەی خاوەن شکۆ و سرووشەکان بوونە هۆی دروستبوونی هاریکارییەکی ڕاستەقینە و کۆبوونەوەکەشمان ڕێگەیەکی کردەوە بۆ بەرەو پێشبردنی پەیوەندییەکانمان."

ساڵی ڕابردوو هەریەک لە بەحرەین و ئیماڕات و سودان و مەغریب بە نێوەندگری ئەمەریکا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسڕائیلدا ئاساییکردەوە، ئەم ڕێکەوتنانەش بوونە هۆی نیگەرانکردنی ئێران.

لاپید بە ڕۆژنامەنووسانی وت " هەمان دەرفەتمان لەبەردەمدایە، هەمان هەڕەشەشمان لەسەرە، هەڕەشەکانیش لێرەوە دوور نین."

لاپید سەردانی بنکەی هێزی دەریایی ئەمەریکاشی کرد کە ڕووبەڕووی کەشتیەکانی ئێران بوونەوە لەمیانەی گرژییەکاندا لەسەر زیادبوونی دەسەڵاتەکانی ئێران لە ناوچەکەدا، لاپید وتی " سێ وڵاتەکەمان پێکەوە کاردەکەن چونکە بەرژەوەندییەکانمان لە ناوچەکەدا هاوشێوەی یەکن."

وتیشی " کاتێک باس لە ئاشتی دەکەین، پێویستە بیرمان بێت ئاشتی دەبێت بپارێزرێت لەوانەی دەیانەوێت زیانی پێبگەیەنن."

بنکەی هێزی دەریایی ئەمەریکا لە بەحرەین وتی لاپید و بەرپرسانی بنکەکە تاوتوێی هاریکارییە سەربازییە دەریاییەکانیان لە ناوچەکەدا کردووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG