لە دوای هەڵگیرسانی شەڕی نێوان ئیسڕائیل و حەماسەوە لە غەززە، بەحرەین بە دۆخێکی سیاسی زۆر هەستیاردا دەڕوات، لە کاتێکدا هەوڵ دەدات توڕەیی گشتی لەسەر ململانێکەی غەززە کەم بکاتەوە کە بووەتە هۆی کوژرانی هەزاران فەلەستینی و لە هەمان کاتدا ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ ئیسرائیلدا بپارێزێت کە بەحرەینی لە ئەمەریکا نزیکتر کردەوە.
بۆ بەحرەین کە ماڵی کەشتیگەلی پێنجی هێزی دەریایی ئەمەریکایە، پەیوەندییەکی نزیک لەگەڵ ئەمەریکادا قەڵایەکی زۆر گرنگە دژی ئێرانی زۆرینە شیعە، کە مەنامە زۆرجار تۆمەتباری کردووە بە تۆمەتی هاندانی کەمینە شیعەکەی ناو بەحرەین تاوەکو بە گژ زۆرینە سوننەکەی ناو وڵاتەکەدا بچنەوە.
لە ساڵی 2020 دا کاتێک سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا بوو، بەحرەین ڕێککەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسڕائیلدا واژۆ کرد، ڕێککەوتنەکە سوودێکی کەمی بۆ بەحرەین هەبوو لە ڕووی کارەوە، بە پێچەوانەی ئەو سوودەوە کە ئیماڕات هەیبوو. سەرچاوەکان و شیکەرەوە سیاسییەکان دەڵێن دەستکەوتە ستراتیژییەکانی دیکەی بەحرەین لەو ڕێککەوتنەدا زۆر گرنگترن لەوەی بکەونە مەترسییەوە.
شەش سەرچاوەی نزیک لە بابەتەکەوە بە ڕۆیتەرزییان وتووە کە بەحرەین دەستبەرداری پەیوەندییەکانی نابێت لەگەڵ ئیسڕائیلدا، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی پەرلەمانی وڵاتەکە کە تاوەکو ئێستا ملکەچی دەسەڵاتی پاشایەتییە، لێدوانی توندی داوە و دەڵێت پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسڕائیل ڕاگیراون.
یەکێک لە سەرچاوەکان وتی بەحرەین هەوڵ دەدات پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسڕائیلدا بپارێزێت و لە هەمان کاتیشدا مامەڵە لەگەڵ ڕای گشتیدا بکات.
ئۆفیسی ڕاگەیاندنی حکومەتی بەحرەین وەڵامی پرسیارەکانی نەداوەتەوە سەبارەت بە دۆخی پەیوەندییەکانی وڵاتەکە لەگەڵ ئیسڕائیلدا.
کریستین دیوان، توێژەر لە ناوەندی وڵاتانی کەنداو لە واشنتن، وتی " ناتوانن دەستبەرداری ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان بن لەگەڵ ئیسڕائیل بەبێ ئەوەی ئەم چوارچێوە کارە ستراتیژییە نەخەنە مەترسییەوە."
وتی چوارچێوە کارەکە تەنها ئەوە نیە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ئەمەریکادا هەبێت، ئەوەش کە بەحرەین ڕێککەوتنەکەی واژۆ کرد لە ئیماڕاتی دەوڵەمەندی نزیکتر کردەوە و هاوسەنگییەکی هێزی پێشکەشکردووە بۆ کاریگەرییەکانی سعودیەدا لە ناوچەکەدا، سعودیە لە مێژە لە ڕووی داراییەوە پشتیوانی لە بەحرەین دەکات کە دەمێکەیە سەرچاوە نەوتییەکانی کەمبوونەتەوە بۆ سفر.
وتیشی " پەسەندکردنی ڕێککەوتننامەکانی ئیبراهیم لەلایەن بەحرەینەوە ئەوەندەی سەبارەت بە پەیوەندییەکانییەتی لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا، ئەوەندەش سەباەت بە پەیوەندییەکانییەتی لەگەڵ ئیسڕائیلدا."
بەڵام بەحرەین ئێستا پێویستی بەوەیە هاوسەنگییەک ڕابگرێت تاوەکو ڕێککەوتنەکە بپارێزێت و لە هەمان کاتیشدا هاوڕا نەبوونی خۆی لەسەر هەڵمەتە سەربازییە توندەکەی ئیسڕائیل لە غەززە دەرببڕێت. شازادەی جێنشینی بەحرەین لە ماوەی لوتکەی ئاسایشدا لە مەنامە لەم مانگەدا ڕەخنەی لە ئیسڕائیل کرد، هاوکات پەرلەمانی وڵاتەکە چەند بەیاننامەیەکی ناڕەزایی دژی ئیسڕائیل دەرکردووە و حکومەتیش ڕێگەیداوە خەڵکەکە بە ئاشکرا خۆپیشاندان دژی کارەکانی ئیسڕائیل بکەن لە غەززە.
لە 2 ی مانگی یانزەدا، پەرلەمانە نوێیە هەڵبژێردراوەکەی بەحرەین کە هیچ دەسەڵاتێکی نیە بەسەر سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەدا، بەیاننامەیەکی نائاسایی دەرکرد و وتی باڵیۆزەکانی ئیسڕائیل و بەحرەین وڵاتانی یەکترییان جێهێشتووە و پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان دوو وڵاتەکەش پچڕاون.
مەحمود مەمدوو ئەل ساڵحی پەرلەمانتار چەند ڕۆژێک دوای ڕاگەیاندنەکە وتی "باڵیۆزی زایۆنییەکان" بەحرەینی جێهێشتووە، هیوادارین نەگەڕێتەوە."
ئەو ڕاستیەی کە ئەو بەیاننامەیە لەسەر ئاستی سیاسیی و ئابووری لە پەرلەمانەوە دەرکرابوو نەک لە وەزارەتی دەرەوەوە، ناڕوونییەکی خستەوە لەسەر ئەوەی ئایا بەحرەین بە فەڕمی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسڕائیلدا پچڕاندووە یاخود نا.
ئیسرائیل لە وەڵامدا وتی پەیوەندییەکان جێگیرن، دواتر لە بەیاننامەیەکی حکومەتی بەحرەیندا تەنها باس لەوە کراوە کە نێردەکان پێشتر بەبێ هیچ ڕوونکردنەوەیەک وڵاتەکانیان جێهێشتووە. حکومەتی بەحرەین باسی لە پەیوەندییە ئابوورییەکان نەکردووە، کە پەیوەندییەکی کەمی ئابووری هەیە لە نێوانییاندا.
شەش سەرچاوەکەی کە نزیکن لە بابەتەکەوە وتییان ڕاگەیاندنەکەی پەرلەمان ڕەنگدانەوەی سیاسەتی حکومەتی وڵاتەکە نیە.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەدا پێدەچێت سەرلێشێوانی خەڵکەکە لەسەر پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسڕائیل، فشارەکانی لەسەر حکومەت کەم کردبێتەوە لە هەوڵەکانیدا بۆ هاوسەنگیکردنی توڕەیی ناوخۆ و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسڕائیلدا.
لە ئۆرشەلیم، بەرپرسێکی باڵای ئیسڕائیل بە ڕۆیتەرزی وت " کاتێک دۆخەکە ڕێگە دەدات " نێردەکان دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتانی یەکتر.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
بەحرەین لە نێوان توڕەییەکان لەسەر غەززە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمەریکا و ئیسڕائیل، هەوڵی ڕاگرتنی هاوسەنگی دەدات
