Accessibility links

لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسڕائیل بۆ سەر سوریا، 4 ئەندامی سوپای پاسدارانی ئێران دەکوژرێن


ئەو بینایەی لە دیمەشق هێرشی کراوەتە سەر
ئەو بینایەی لە دیمەشق هێرشی کراوەتە سەر

سەرچاوەیەکی ئاسایش لە هاوپەیمانێتی لایەنگری سوریا بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسڕائیلدا بۆ سەر دیمەشقی پایتەختی سوریا چوار ئەندامی سوپای پاسدارانی ئێران کوژراون، یەکێک لە کوژراوەکان بەرپرسی یەکەی هێزی زانیارییەکان بووە.

لە تارانیش سوپای پاسدارانی ئێران ناوی ئەو چوار ڕاوێژکارە سەربازییەی ئاشکرا کرد کە لە هێرشەکەی ئیسڕائیلدا کوژراون، بەڵام ئاماژەی بە پلە سەربازییەکانییان نەدا، وتی دواتر وردەکاری زیاتر بڵاودەکرێتەوە. کەناڵی تەلەفیزیۆنی ئێران وتی ئەو بینایەی کراوەتە ئامانج شوێنی دانیشتنی ڕاوێژکارە ئێرانییەکان بووە لە دیمەشق.

تاوەکو ئێستا ئیسڕائیل لێدوانی لەسەر هێرشەکەی ڕۆژی شەممە نەداوە، لە مێژە ئیسڕائیل هێرشی ئاسمانی دەکاتە سەر بوونە سەربازییەکەی ئێران لە سوریادا. لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەیەوە لەگەڵ حەماسدا، ئیسڕائیل دەستیکردووە بە ئەنجامدانی هێرشی کوشندەتر لە سوریادا.

دەزگای ڕاگەیاندنی سوریا وتی ئیسڕائیل " هێرشێکی ئاسمانی " کردووەتە سەر بینایەک لە گەڕەکی مەزەی دیمەشق، وتیشی بەرگرییە ئاسمانییەکانی سوریا ژمارەیەک لە موشەکەکانییان خستووەتە خوارەوە.

سەرچاوە ئاسایشییەکە کە بەشێکە لە تۆڕێکی ئەو گروپانەوە کە نزیکن لە حکومەتی سوریا و ئێرانی هاوپەیمانییەوە، وتی بینا چەند نهۆمییەکە لەلایەن ڕاوێژکارە ئێرانییەکانەوە بەکارهێندراوە بۆ پشتیوانیکردن لە حکومەتەکەی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد، وتیشی بیناکە بەهۆی " هێرشە موشەکییە وردەکەی ئیسڕائیلەوە " بە تەواوەتی ڕووخاوە.

سەرچاوەکە وتی کەسی پێنجەمیش کوژراوە بەڵام ناسنامەکەی ئاشکرا نەکرد.

بەرپرسی نەخۆشخانەی مواسات لە دیمەشق، عیسام ئەل ئەمین، بە ڕۆیتەرزی وت دوابەدوای هێرشەکە نەخۆشخانەکە لاشەیەک و سێ برینداری وەرگرتووە، ژنێکیشیان تێدایە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG