Accessibility links

نەتانیاهو دان بەوەدا دەنێت کە لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە غەززە 7 کارمەندی یارمەتییە مرۆییەکان کوژراون


ڕۆژی سێشەممە سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو دانی بەوەدانا کە سوپای ئیسڕائیل " بەبێ مەبەست " حەوت کارمەندی یارمەتییە مرۆییەکانییان لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە غەززە کوشتووە، کارمەندەکان لەگەڵ ڕێکخراوێکی مرۆیی ئەمەریکاییدا بوون.

ڕێکخراوی چێشتخانەی ناوەندی جیهانی پێشتر ئاماژەی بەوە دابوو کە لە " هێرشێکی بە ئامانجی " هێزەکانی ئیسڕائیلدا کارمەندەکان کوژراون، کارمەندەکان ئوستڕاڵی و بەڕیتانیایی و فەلەستینی و پۆڵەندی و ئەمەریکایی و کەنەدی بوون.

نەتانیاهو وتی " دۆسییەکی تراجیدیایە " کە " تاوەکو کۆتاییەکەی " لێکۆڵینەوەی لێدەکرێت.

وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا ئادریان واتسن لە ئێکس جەختی لەوە کردەوە کە " کارمەندانی یارمەتییە مرۆییەکان دەبێت بپارێزرێن لە کاتێکدا کە یارمەتییە زۆر پێویستەکان دەگەیەنن."

هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیل لە سەرانسەری غەززەدا بەردەوام بوون و وەزارەتی تەندروستی غەززەش دەڵێت لە ڕۆژی دووشەممە و سێشەممەدا 71 کەس بەهۆی هێرشەکانەوە کوژراون.

ڕێکخراوی چێشتخانەی ناوەندی جیهانی کە بنکەکەی لە ئەمەریکایە ماندوونەناسانە کاری کردووە بۆ گەیاندنی خۆراک لە قوبرسەوە لە ڕێی دەریاوە بۆ غەززە.

بەڕێوبەری چێشتخانەی ناوەندی جیهانی ئێرین گۆر وتی " زۆر غەمبارم بەوەی کە چێشتخانەی ناوەندی جیهان و جیهانیش ئەمڕۆ کەسانێکی جوانییان لە دەستدا بەهۆی هێرشێکی بە ئامانجی سوپای ئیسڕائیلەوە."

ڕێکخراوەکە وتیشی تیمەکە بە کاروانێکی " دوو ئوتومبێلی زریپۆش کە لۆگۆی چێشتخانەی ناوەندی جیهانییان پێوە بووە " لە ناوچەیەکی " دابڕاو لە شەڕەکە " گەشتییان کردووە بۆ گەیاندنی یارمەتییەکان.

وتی " سەرەڕای ئەوەی هەماهەنگی کراوە لەگەڵ سوپای ئیسڕائیلدا لەسەر جموجۆڵی کاروانەکە، کاروانەکە لێیدراوە لە کاتێکدا کە کۆگای دەیرئەلبەلای جێهێشتووە، تیمەکە لەو کۆگایەدا زیاتر لە 100 تەن خۆراکییان داگرتووە کە لە ڕێی دەریاییەوە گواستراوەتەوە بۆ غەززە."

سوپای ئیسڕائیل وتی " پێداچوونەوەیەکی چڕ دەکات لەسەر بەرزترین ئاست بۆ ئەوەی تێبگات لەوەی هەلومەرجی ئەم ڕووداوە تراجیدیاییە چۆن بووە." وتیشی " لە نزیکەوە لەگەڵ چێشتخانەی ناوەندی جیهانیدا کاردەکات."

ڕێکخراوی خێرخوازی ئۆپن ئاڕمزی ئیسپانی کە لە نزیکەوە لەگەڵ چێشتخانەی ناوەندی جیهانیدا کاریکردووە لە گواستنەوەی یارمەتییەکان لە قوبرسەوە بۆ غەززە، داوای لە ئیسڕائیل کرد ڕوون کردنەوە بدات لەسەر هێرشە " دڕندانەکەی." بە هەمان شێوەی سەرۆک وەزیری ئیسپانیا پێدرۆ سانچێزیش داوای ڕوونکردنەوەی لە ئیسڕائیل کردووە.

سەرۆک وەزیری ئوستڕاڵیا ئەنتۆنی ئەلبانێس سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و وتی " بە تەواوەتی جێی قبووڵکردن نیە."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG