Accessibility links

دادگایی کردنی تاوانبارانی داعش


دادگاییکردنی تێرۆریستانی داعش و بەتایبەتیش داعشە بیانییەکان دەشێت وەک ئەرکێکی قورس بۆ عێراقیەکان لێی بڕوانرێت، لەو ڕوانگەیەوەی کاتێک دۆسێکە دێتە سەر ئەوەی بە کامە یاسا دادگایی بکرێن.

موحەمەد ئەلحەکیم، وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێت "هەموو ئەو عێراقیانەی تێرۆریست بوون و تاوانیان کردووە و دانیان پێداناوە، بەپێی ئاستی تاوانەکەیان دادگایی دەکرێن و سزا دەدرێن. یەکێکیش لەو سزایانە سزای مردنە و ئەمەش بە پێی یاسای عێراق. ئیدی ئێمە ئەو یاسایەی خۆمان ناگۆڕین، بەڵام بۆ بیانییەکان خەریکی دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەکین."

بەلای پسپۆڕانی یاساییەوە وەک باسی دەکەن، ناکرێت لە دۆسێی تاوانبارانی داعشدا هەر تەنها جەخت لە ڕەهەندی یاسایی بکرێتەوە و دەشڵێن دەکرێت بە یاساکانی عێراق دادگایی بکرێن و سزا بدرێن.

تارق حەرب، پسپۆڕی یاسایی دەڵێت پێویستە دادگای عێراق بڕیاری خۆی بدات لەسەر داعشە عێراقییەکان و دەشڵێت "کارکردنەکە لە جێبەجێکردنی یاسادایە و ئەوەش ئەرکی سیستەمی دادوەریی عێراقە تا بڕیاری سزاکانیان بدات، بەڵام مەرج نییە لە زیندانەکانی عێراقدا بمێننەوە چونکە زیندانەکان پڕ پڕن لە داعشە بیانیەکان و هیچ وڵاتێکیش وەریان ناگرنەوە."

بەڕێز ئەلحەکیم لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی هۆڵەندادا ئاماژەشی بەوە کرد کە تێرۆریستانی بیانی لە زۆر وڵاتەوە چوونەتە ناو عێراقەوە، وەک دەڵێت "لە ئێستادا بەتەنها لە عێراق تێرۆریستە بیانییەکانی گیراون خەڵکی 42 وڵاتی تیادایە."

وڵاتی هۆڵەندا یارمەتی عێراق دەدات بۆ پێکهێنانی دادگایەکی نێونەتەوەیی و یەکلاکردنەوەی کێشەی داعشە بیانییەکان و داواش دەکات دادگاییکردنێکی ڕەوای داعشەکان بکرێت.


ستیف بلۆک، وەزیری دەروەی هۆڵەندا دەڵێت "جێبەجێکردنی دادوەریی، ڕێگەیەکی تری گرنگ و بەشێکی گرنگی هێنانە ئارای کۆمەڵگەیەکی ئاشتیانەیە لە عێراقدا، چونکە هەبوونی دادوەریی ئەوپەڕی گرنگە بۆ قوربانیەکان و کەسوکاریشیان. هەروەها دادگاییکردنێکی ڕەواش بەشێکە لە سەروسەوداکردن لەگەڵ تاوانباراندا، بۆ خۆ لادان لە کێشەی تر لە ئایندەدا."

هەتا ئێستاشی لەگەڵدابێت هیچ وڵاتێک داوای ئەو هاوڵاتیە تێرۆریستانەی خۆیان نەکردۆتەوە کە لە عێراق یان لە سوریا دەستگیرکراون.

بەڕێز بلۆک دووپاتی دەکاتەوە کە وڵاتەکەی هیچ داعشێک وەرناگرێتەوە و دەڵێت "هۆڵەندا هیچ یەکێک لەو چەکدارە بیانیانەی بە فرمانی دادگا گیراون و لە گرتوخانەن وەرناگرێتەوە. ئێمەش وەک وڵاتانی تری ئەوروپا ئەو منداڵە بێ باوانانە وەردەگرینەوە. لەو بڕوایەداین ئەو گیراوانە پێویستە لە دادگاکانی ئەو وڵاتەدا دادگایی بکرێن کە تاوانەکانیان تیادا کراون و ئەمەش ڕێگەیەکی ئاساییانەیە بەپێی یاسا نێونەتەوەییەکان. ئەگەر کەسێکی بیانی تاوانێکی لە هۆڵەندادا کرد، ئەوا لە هۆڵەندا دادگایی دەکرێت، ئەگەر یەکێکی هۆڵەنداییش لە وڵاتێکی دەرەوەدا تاوانی کرد، ئەوا لەو وڵاتەدا دادگایی دەکرێت، جا بۆیە ئەمە هیچ شتێکی تایبەتی تیادا نییە."

وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێت داعش چییدی هەر ئەوە نییە تەنیا لە عێراق و سوریادا هەبێت. ئێستا دۆسێیەکی نێونەتەوەییە و هەربۆیەشە بۆ کێشەیەکی جیهانی پێویستمان بە چارەسەرییەکی نێونەتەوەییانە هەیە.

یەکێک لەو نیگەرانیانەی لە عێراق هەن ئەوەیە کە ڕۆژانە بڕە پارەیەکی زۆر بۆ ذاعشە گیراوەکان خەرج دەکرێن.

بەڕێز حەرب دەڵێت کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی هیچ یارمەتییەکی دارایی حکومەتی عێراق نادات بۆ خەرجییەکانی گیراوەکانی داعش، دەشڵێت "ئەم کێشەیە هەر تەنها کێشەی یاسا نییە و بەس، بەڵکو ئەوەیە کە زیندانەکانی عێراق پڕن لە داعش، حکومەت ڕۆژانە بڕە پارەیەکی زۆریان تیادا خەرج دەکات کە زۆر زیاترە لەو پارەیەی بۆ ئەفسەرێکی لەشکر یان پۆلیسی خەرج دەکات. نەخێر هیچ ڕێگرییەکی یاسایی نییە."

تێرۆریستانی داعش بە هەزاران تاوانی خوێناوی دڕندانەیان لە عێراق و لە سوریادا کردووە، وەک کاربەدەستانی عێراقی و هۆڵەندایی دەڵێن ئەم هەوڵەیان بۆ پێکهێنانی دادگایەکی نێونەتەوەیی بە مەبەستی پێدانی پەیامێکی بەهێزە بۆ تێرۆریستان جا لە هەرکوێیەک بن، ئەوا دادگایی دەکرێن و سزا دەدرێن لەسەر تاوانەکانیان.

XS
SM
MD
LG