Accessibility links

ئەمەریکا داوا لە ئۆزبەکسـتان دەکات بەشداری شەڕی دژی داعش بکات


ئەمەریکا دەڵێت داوای لە ئوزبەکستان کردووە بێتە نێو هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش و ئازادبێت لەوەی چۆن پـێی باشە بەشداری بکات.

دانیال ڕۆسێنبلوم جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئاسیای ناوەڕاست ڕۆژی پـێنجشەممە لە میانەی سەردانەکەی بۆ تەشقەندی پایتەختی ئەو وڵاتە، ئەمەی بۆ ڕۆژنامەوانان ڕاگەیاند.

گوتیشی ئەم هاوپەیمانێتیـیەی ئەمەریکا ڕابەرایەتی دەکات ڕۆڵی لەشکری دەبینێت، وەکو بۆردومانکردنی داعش لە سوریا و عێراق. لەگەڵ ئەوەشدا ئەندامانی هاوپەیمانێتیـیەکە دەتوانن بە شێوەیەکی دیکە ڕۆڵی خۆیان بـبینن، وەکو ڕێگەگرتن لە یارمەتیدانی دارایی داعش.

هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە کرد هاوپەیمانێتیـیەکەیان زانیاری لەسەر کەسانێـکیش کۆدەکاتەوە کە لەسەر سنوورەکان جموجۆڵ دەکەن.

پاشان گوتی پـێنج بۆ شەش ڕێگە هەن لە دژی داعش کە دەکرێت بگیرێنەبەر، بۆیە ئۆزبەکستان یان هەر وڵاتێـکی دیکە دەتوانێت یەکێـک لەو ڕێگەیانە یان زیاتر بگرێتەبەر.

جێی ئاماژەیە ئوزبەکسـتان ژمارەی دانیشـتوانەکەی 31 ملیۆن کەسە و زۆربەیان موسڵمانن. لە پاش هەرەسهێنانی یەکێتی سۆڤێت، ئەو وڵاتە دۆستێـکی ستراتیژی ناتۆ بووە لەو ناوچەیەی ناوەڕاستی ئاسیا، لەوانە یارمەتی داوە لە شەڕی دژی بزوتنەوەی تاڵیبان لە ئەفغانسـتان.

XS
SM
MD
LG