Accessibility links

ئەمەریکا دادگایی کەسێکی بە ڕەچەڵەک کۆسۆڤۆیی دەکات بە تاوانی پەیوەندیکردن بە داعش


وەزارەتی دادی ئەمەریکا ڕایگەیاند کەسێکی ئەمەریکایی بە ڕەچەڵەک کۆسۆڤۆیی دادگایی دەکات کە لە ساڵی 2015 وە پەیوەندی بە داعش لە سوریا کردبوو و لەگەڵیاندا ماوەتەوە هەتا ئەو کاتەی لە ساڵی 2019 دەستگیرکراوە.

وەزارەتەکە ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە بەیاننامەیەکدا لەسەر ماڵپەڕەکەی ڕایگەیاند لیریم سلێمانی Lirim Sylejmani لە مانگی دووی ساڵی 2019 لە لایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە دەستگیرکراوە و ڕادەستی ئەمەریکا کراوەتەوە.

مایکل شێرون بریکاری وەزیری داد گوتی ئەم هاوڵاتیـیە ئەمەریکایـیە ئەو وڵاتەی جێهێشت کە گرتیـیە خۆی و چووە ناو داعش لە سوریا، ئێستا لەسەر کردەوەکانی لە دادگایەکی ئەمەریکا دادگایی دەکرێت. گوتیشی کاربەدەستانی دادوەری ئەمەریکا هەتا ئەوپەڕی یاسا ڕێگە دەدات سزا دەسەپێنن بەسەر ئەوانەی جێی هەڕەشەن بۆ سەر وڵاتەکە.

لیریم سلێمانی ساڵی 1999 کاتێک تەمەنی 23 ساڵ بوو و لە کۆمەڵکوژیـیەکانی ناو کۆسۆڤۆ ڕزگاری بوو، وەک پەنابەر لە ئەمەریکا وەرگیرا. پاشان هاوڵاتینامەی وەرگرت و لە زانکۆی ئیلینۆی ویلایەتی شیگاکۆ کۆلێجی ئەندازیاری بیناسازی تەواوکرد و خێزانی پـێکهێنا.

ناوبراو لە چاوپـێکەوتنێکی لەگەڵ ماڵپەڕی دیفێنس پـۆست باسی لە چۆنیەتی پەیوەندیکردنی بە داعش کردبوو. دەڵێت لە مانگی یازدەی ساڵی 2015 لەگەڵ هاوسەرەکەی و دوو منداڵەکەی لە ئەمەریکاوە چوون بۆ کۆسۆڤۆ و لەوێوە بەرەو تورکیا و لە شاری غازی عەنتاب کەسێکی قاچاخچی بە شەو بردوونی بۆ سەر سنووری سوریا و پـێی گوتوون بە ئاڕاستەی ئەو ئاگرە بڕۆن. دەڵێت کاتێک گەیشتوونەتە لای ئاگرەکە بینیویانە سەربازی تورکن و ئەوانیش کەوتوونەتە پشکنینی و 500 دۆلاریان لە گیرفانیدا دۆزیوەتەوە و بردوویانە و گوتویانە بڕۆن. دەشڵێت بەردەوامبوون لە ڕۆیشتن هەتا ئەندامێکی داعشیان بینیوە.

ناوبراو دەشڵێت هەر کە گەیشتوونەتە سوریا دەستبەجێ بۆ ماوەی مانگێگ ڕەوانەی موسڵ کراوە بە مەبەستی مەشق و ڕاهێنان لەسەر چەک. بەڵام جەختی کردووەتەوە بەشداری لە هیچ شەڕێکدا نەکردووە.

پاش دەستگیرکردنیان لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە، ناوبراویان بردووە بۆ زیندانی پـیاوان و ژن و منداڵەکەشی بۆ کەمپی تایبەت بە خێزانی چەکدارانی داعش. لە ئێستادا پەشیمانی خۆی لەسەر ئەو کارەی دەردەبڕێت و دەڵێت بە هیوای ژیانێکی باشتر ئەوەی کردبوو، بەڵام بە هەڵەدا چووبوو.

XS
SM
MD
LG