Accessibility links

هاککەرێـک کە یارمەتی داعشی دابوو حوکمی 20 سـاڵ زیندانی درا


هاککەرێـکی کۆمپـیوتەر کە ناوی زیاتر لە 1000 سەرباز و فەرمانبەری حکومەتی ئەمەریکای بۆ داعش ئاشکراکردبوو لە لایەن دادگایەکی ئەمەریکاوە حوکمی زیندانی 20 سـاڵ درا.

دادگای فیدراڵی لە ناوچەی ئەلێگزاندریای ویلایەتی ڤێرجینیای نزیک واشنتنی پایتەخت، ئەمڕۆ هەینی بڕیاری ئەو حوکمی زیندانیەی بۆ ئاردیت فەریزی تەمەن 20 سـاڵ دا کە بە ڕەچەڵەک خەڵکی کۆسۆڤۆیە.

ناوبراو مانگی نۆی ساڵی ڕابردوو لە وڵاتی مالیزیا دەسـتگیرکرا، پاش ئەوەی ئەمەریکا فەرمانی دەسـتگیرکردنی بۆ دەرکردبوو.

ئاردیت فەریزی لە ساڵی 2014 وە لە زانکۆیەکی تایبەتی مالیزیا زانستەکانی کۆمپـیوتەری دەخوێند هەتا ئەو کاتەی دەسـتگیرکرا.

مانگی شەشی ڕابردوو لەبەردەم هەمان دادگای ئەمڕۆدا دانی نا بەوەی تاوانکارە.

بەپـێی وەزارەتی دادی ئەمەریکا ئاردیت ناو و ناونیشان و ژمارە تەلەفون و زانیاری دیکەی نزیکەی 1300 فەرمانبەر و سەربازی ئەمەریکایی ڕادەسـتی سەرکردەیەکی داعش کردبوو.

ئاردیت ئەمڕۆ لە بەردەمی دادگاکە داوای لێبوردنی کرد بۆ ئەو زیانەی بە خەڵکی گەیاندووە لە ئاکامی ئەو کارەی.

XS
SM
MD
LG