Accessibility links

زریانی ئێرما خاودەبێتەوە لەم کاتەی ڕوو لە باکوری فلۆریدا دەکات

  • VOA News

ناوەندی نیشتیمانی ئەمەریکا بۆ چاودێری زریان دەڵێت لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممەوە زریانی ئێرما بۆ ئاستی پلە یەک خاوبووەتەوە و پـێشبینی دەکرێت لەم کاتەی ڕوو لە باکوری ویلایەتی فلۆریدا و باشوری ویلایەتی جۆرجیا دەکات لە زریانی هێرکەینەوە بۆ جۆری زریانی خولگەیی بگۆڕدرێت.

زریانەکە لە سەرەتادا هێزەکەی گەیشتە پـلە 5 ، ئەوەی خێرایی گەردەلولەکەی زیاتر لە 250 کیلۆمەتر لە کاژمێرێـکدایە، وە خاوبوونەوەی بۆ پلە 1 خێرایی گەردەلولەکەی بۆ نزیکەی 150 کیلۆمەتر دێتە خوارێ. بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا هێشتا جێی مەترسیـیە و چاوەڕوان‌دەکرێت زیانی زیاتری لێبکەوێتەوە.

لە ئێستادا زریانەکە بە خێرایی 24 کیلۆمەتر لە شاری تەمپای باشوری ڕۆژئاوای فلۆریدا نزیک دەبێتەوە و خێرایی گەردەلولەکەی بۆ نزیکەی 135 کیلۆمەتر لە کاژمێرێکدا خاوبووەتەوە.

کەشناسان دەڵێن هێشتا زریانەکە کاریگەری بۆ سەر ناوچە کەناریـیەکانی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئەمەریکا ماوە و ڕەنگە جێی مەترسی بێت بۆ سەر ژیانی خەڵکی.

هەروەها ناوەندی چاودێری زریان دەڵێت لە شەوی دووشەممە شیانی ڕوودانی گەردەلولی تۆرنادۆ هەیە لە ناوچەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی ویلایەتی فلۆریدا و باشوری ڕۆژهەڵاتی ویلایەتی جۆرجیا و باشوری ویلایەتی ساوث کارۆلاینا.

کاربەدەستان دەڵێن هەتا بەرەبەیانی ئەمڕۆ زیاتر لە 5.8 ملیۆن کەس لە ویلایەتی فلۆریدا کارەبایان لێبڕاوە. دەشڵێن چاکردنەوەی ئەو زیانانەی بەر کەرتی کارەبا کەوتوون ڕەنگە چەند هەفتەیەکی بوێت.

لەوەتای لە هەفتەی ڕابردووەوە زریانی ئێرما لە دورگەکانی کاریبی دا بە لایەنی کەم 25 کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستدا. هاوکات بە ملیۆنان کەس لە فلۆریدا ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشت و ڕوویان لەو ناوچانە کرد کە زریانەکە نایانگرێتەوە.

XS
SM
MD
LG