لە عێراق لە ڕۆژێکدا هەزاران حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبیندرێت، بەڵام خەڵکێکی کەم دەمامک بەکاردەهێنن و بەشێکی کەمتریشیان ڤاکسینیان دژی ڤایرۆسەکە وەرگرتووە.
کارمەندانی تەندروستی دەڵێن ئەوان نەک تەنها ڕووبەڕووی پەتاکە بوونەتەوە بەڵکو ڕووبەڕووی گومانەکانیش بوونەتەوە سەبارەت بە ڤاکسینەکان و گواستنەوەی زانیاریی هەڵە و نەبوونی متمانەی هاوڵاتیان بە حکومەت.
هاوڵاتیەکی تەمەن 36 ساڵ لە بەغداد وتی " من حەزم لە ڤاکسین و دەمامک نیە، لەوە ناترسم نەخۆش بکەوم."
سەرەڕای ئەوەی ئاگاداری ئەوەیە کە لەوانەیە توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا ببێت کە لە ئێستادا ڕۆژانە نزیکەی 8000 کەس لە عێراقدا توشی دەبن، جەختی لەوە کردەوە " من ڤاکسینەکە وەرناگرم."
لە دوای ئەوەی لە مانگی سێیەوە هەڵمەتی کوتان دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق دەستیپێکردووە، کاربەدەستانی تەندروستی عێراق ڤاکسینیان بە تەنها نزیکەی لە سەدا یەکی دانیشتوانی عێراق داوە، لە کۆی نزیکەی 40 ملیۆن کەس.
لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە عێراق، وڵاتەکە زیاتر لە 1.4 ملیۆن حاڵەتی توشبوون و زیاتر لە 17000 حاڵەتی گیان لەدەستدانی بەهۆی ڤایرۆسەکەوە تۆمارکردووە.
لەلایەکی دیکەوە وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق سەیف ئەل بەدر بە گشتی هۆکاریی دوودڵییەکانی لەسەر وەرگرتنی ڤاکسینەکانی گەڕاندەوە بۆ " ئەو زانیارییە هەڵانەی کە پێش گەیشتنی ڤاکسینەکان بڵاودەکرانەوە."
سەرچاوە/ فرانس پرێس