Accessibility links

محەمەد تۆفیق عەلاوی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق دەڵێت حکومەتی پێکهێناوە و داوا دەکات پەرلەمان متمانەی پێببەخشن


محەمەد تۆفیق عەلاوی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق وتی حکومەتی نوێی لە کۆمەڵێک سیاسیی سەربەخۆ پێکهێناوە و داوای لە پەرلەمان کرد هەفتەی داهاتوو دانیشتنێک ئەنجام بدەن و متمانەی پێببەخشن.

عەلاوی وتی ئەگەر حکومەتەکەی لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە متمانەی پێببەخشرێت ئەوا یەکەمین کاری لێکۆڵینەوە دەبێت لە کوژرانی خۆپیشاندەران و تاوانباران ڕادەستی دادگا دەکات.

هەروەها بەڵێنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختیدا کە ئەو هەڵبژاردنە دووربێت لە " کاریگەریی پارە و چەک و دەستوەردانی بیانی." هەروەها داوای لە خۆپیشاندەران کرد هەلێک بدەنە حکومەتەکەی سەرەڕای ئەوەی " متمانەیان بە هیچ سیاسییەک نەماوە."

لەلای خۆیەوە سەرۆک وەزیری کاربەڕێکەری عێراق عادل عەبدولمەهدی کە ماوەی دەسەڵاتەکەی تەواو بووە داوای لە ڕابەرە سیاسییەکانی عێراق کرد پەلە بکەن لە پەسەندکردنی حکومەتەکەی محەمەد تۆفیق عەلاویدا و هۆشیاریدا لەسەر ئەوەی ئەگەر تاوەکو 2 ی مانگی سێ حکومەتە نوێیەکە پەسەند نەکرێت ئەوا واز دەهێنێت لە ئەرکی کار بەڕێکردن. وتیشی " ڕاست نیە و نەگونجاوە لە دوای 2 ی مانگی سێی ساڵی 2020 ەوە بەردەوام بم لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتییەکان، هیچ بژاردەیەکی دیکەم لەبەردەستدا نامێنێت جگە لەوەی پەنا ببەمە بەر ئەو چارەسەرانەی کە لە دەستوور یاخود سیستمی ناوخۆی ئەنجومەنی وەزیراندا ئاماژەیان پێدراوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG