دادوەرێـکی فیدراڵی ئەمەریکا ناردنەوەی هەموو ئەو عێراقیانەی ڕاگرت کە پـێشتر تاوانیان لە ئەمەریکا ئەنجامدابوو و ئاژانسی پەنابەران و کۆچبەری ئەمەریکا بڕیاری ناردنەوەیانی داوە.
دادوەر مارک گۆڵدسمث لە دادگای ڕۆژهەڵاتی ویلایەتی میشگن پاش نیوەڕۆی دووشەممە بڕیارەکەی دا کە ڕێگە دەدات هەتا 10 ی مانگی داهاتوو ئەو عێراقیـیانە لە ئەمەریکا بمێنەوە. هەفتەی ڕابردوو بڕیارێـکی هاوشێوەی دا تەنها بۆ 114 عێراقی کە لە ناوچەی دیترۆیتی میشگن دەسـتگیرکرابوون، بەڵام بڕیارەکەی دوێنێی هەموو ئەو عێراقیـیە تاوانکارانەی گرتەوە لە سەرانسەری ئەمەریکا.
ئەم بڕیارە پاش ئەوە هات کە پارێزەران لە یەکێتی ئازادیـیە سیڤیلیەکان ڕۆژی شەممە سکاڵایەکیان خستە بەردەم دادگا بۆ ڕاگرتنی ناردنەوەی 85 عێراقی دیکە کە لە ناوچەی دیکەی ئەمەریکا دەسـتگیرکراون.
یەکێتیـیەکە دەڵێت زۆربەی ئەو عێراقیـیانەی بڕیاری ناردنەوەیان دراوە کرستیانی کلدان و عەرەبی سووننە و کوردن کە ڕەنگە دووچاری مەترسی ببنەوە ئەگەربێت و بیاننێرنەوە.
داواکاری گشتی فیدراڵی ڕۆژی دووشەممە گوتی 1444 عێراقی بڕیاری ناردنەوەیان دراوە و هەتا ئێستا 199 کەسیان دەسـتگیرکراون. گوتیشی تاوانی گەورەیان ئەنجامداوە، لەوانە دەستدرێژی سێکسی و ڕفاندنی خەڵکی.
نوێنەری وەزارەتی دادی ئەمەریکا هیچ لێدوانێـکی لەسەر بڕیاری دادگا نەدا.
جێی ئاماژەیە لە سەرەتای مانگی شەشەوە ئاژانسی پەنابەران و کۆچبەری ئەمەریکا دەسـتیکردووە بە پرۆسەی دەستگیرکردنێـکی فراوان بۆ ئەو عێراقیانەی پـێشتر تاوانی گەوەرەیان ئەنجامدابوو، ئەمەش بووە جێی ناڕەزایی هاوڕێ و کەسوکاری ئەو عێراقیـیانە و چەندان گردبوونەوەی ناڕەزایـیان سازکرد و داوایان لە ڕێکخراوە سیڤیلیـیەکان کرد هەوڵ بدەن بۆ ڕێگەگرتن لە ناردنەوەیان.
بەپـێی یاساکانی ئەمەریکا هەر کوچبەر و پەنابەرێک تاوانی گەورە لە وڵاتەکە ئەنجام بدات، ئەوا مافی وەرگرتنی ڕەگەزنامەی ئەمەریکایی لەدەست دەدات و هەر وەک کەسێـکی بیانی لە وڵاتەکەدا دەمێنێتەوە.