سەرۆکی عێراق بەرهەم ساڵح ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند پەرلەمانی عێراق لە 9ی مانگی یەک دەستدەکات بە یەکەم خولی دانیشتنی لەو کاتەوەی یاسادانەران لە هەڵبژاردنەکەی مانگی 10دا دەنگیان هێنا. لەو هەڵبژاردنەدا لایەنی موقتەدا ئەلسەدر براوەی سەرەکی بوو.
لە ساڵی 2003وە لەو کاتەوەی هاوپەیمانان بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا دیکتاتۆری پێشوو سەدام حسێنیان لەسەر دەسەڵات لادا، لە عێراقێکی فرە لایەن و فرە نەتەوەدا، پێکهێنانی حکومەت هەمیشە گفتوگۆیەکی ئاڵۆز بووە.
بەرهەم ساڵح لە بەیاننامەیەکدا گوتی " فرمانی کۆماریم واژۆ کرد تا ئەنجومەنی نوێی نوێنەران ڕۆژی یەکشەممە 9ی مانگی یەکی ساڵی 2022 کۆبوونەوەی خۆی بکات. بەو هیوایەی ئەم هەنگاوە ببێتە مایەی پێکهێنانی حکومەتێکی بە توانا و کاریگەر بۆ بەدەستهێنانی مافی نیشتمانی و پاراستنی بەرژەوەندی و سەروەرییەکانی عێراق و دابیکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ گەلی عێراق و بشبێتە مایەی چاکسازی ڕیشەیی و هەروەهاش عێراقێکی سەقامگیر و گەشەکردوو."
بەتەمەنترین کەس لەو 329 یاسادانەرەی کە هەڵبژێردراون سەرۆکایەتی دانیشتنەکە دەکات، پەرلەمان 30 ڕۆژی ڕۆژی هەیە تا سەرۆکێک هەڵبژێرێت و ئەو سەرۆکە سەرۆک وەزیرێک دەستنیشان دەکات و ڕایدەسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت لە ماوەی 30 ڕۆژدا.
ژمارەیەک لە شارەزایان و چاودێرانی سیاسی چاوەڕوان دەکەن حکومەتی نوێی عێراق لە مانگی سێ پێکبێت.
لایەنی سەدر براوەی سەرەکی هەڵبژاردنەکان بوو و لە کۆی 329 کورسی پەرلەماندا 73 کورسی بەدەستهێناوە.
هاوپەیمانی فەتح، کە بە باڵی سیاسی حەشدی شەعبی سەر بە ئێران دادەنرێت، تەنها 17 کورسی بەدەستهێنا کە ئەمەش زۆر کەمترە بەبەراورد لەگەڵ 48 کورسی پەرلەمانی پێشوو ، ڕابەرەکانی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنیان ڕەتکردووەتەوە.