Accessibility links

د.مەحمود عوسمان: لایەنە کوردییەکان ڕاست ناکەن، یەکدەنگ نین و دژی یەکترن، یەکێتی و پارتی دژی یەکترن


د.مەحمود عوسمان سیاسەتمەداری دیاری کورد

بەشێک لە لایەنە شیعە عێراقییەکان ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ڕەتدەکەنەوە و لایەنگرانیان ڕۆژانە لە بەغدادی پایتەخت خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن و داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دەکەن.

” لە عێراق هەموو هێزەکان دەیانەوێت براوە بن هەموو دەیانەوێت لە حکومەت بن کەس ئامادە نیە ئۆپۆزسیۆن بێت ”

د.مەحمود عوسمان سیاسەتمەداری دیاری کورد دەڵێت”دۆخی عێراق لە دوای ڕووخانی سەدام لە 2003 ەوە هەر بەم شێوەیە بووە، چونکە هەرخۆی سەردەمی سەدام هەڵبژاردن نەدەکرا، ئێستا لە عێراق هەموو هێزەکان دەیانەوێت براوە بن هەموو دەیانەوێت لە حکومەت بن کەس ئامادە نیە ئۆپۆزسیۆن بێت جا ئەگەر هەرکامیان دەنگیان کەم بێت ئەو بەزم و ڕەزمە دەکەن یەکێک دەڵێت ساختەیە و یەکێکی تر شتێکی تر دەڵێت، ئیتر هەمیشە ئەمە حاڵییان بێت. ”

د.مەحمود عوسمان ئەوەشی وت” دەسەڵات و حکومەتی داهاتوو هەر لەدەستی شیعەکان دەمێنێتەوە، هەرچەندە ئێستا شیعەکان دوو بەرەن، بەرەیەک دەڵێت ئەنجامەکانی هەڵبژاردن خراپن، بەرەکەی تریش سەدرە، جا ئەگەر بیانەوێت حوکم بکەن دەبێت هەردوولا ڕێکبکەون ڕەنگە ئێران و مەرجەعیەت ئەو دوو”بەرەیە بگەیەنێنە ڕێککەوتن لە نێوان خۆیاندا ئەگەر ڕێکنەکەون ئەوا ڕەنگە ئاسان نەبێت. ”

” سەرکەوتنی هەر کام لەو لایەنانە بۆ پێکهێنانی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی پەیوەستە بە لایەنی سونە و کوردەوە”

بەپێی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لیستەکەی موقتەدا سەدر 73 کورسی پەرلەمانی عێراقی بەدەستهێناوە ئەوەش لەسەر ئاستی عێراق زۆرترین ڕێژەی ئەو کورسییانەیە کە لایەنێک بەدەستی هێنابێت، بەڵام لەبەرامبەردا لایەنە شیعەکانی تر کە مالکی ڕابەرایەتییان دەکات و بە بەرەی تەنسیق ناودەبرێن لە هەوڵی دروستکردنی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانین بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق.

بە بڕوای د.مەحمود عوسمان سەرکەوتنی هەر کام لەو لایەنانە بۆ پێکهێنانی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی پەیوەستە بە لایەنی سونە و کوردەوە”

لەو ڕووەوە د.مەحمود عوسمان وتی” ئەوە دەمێنێتەوە سەر لایەنی کورد و سوننە کە لەگەل کامیان ڕێکدەکەون بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق. ”

د.مەحمود عوسمان ئەوەشی وت” هەرچەندە تا ئێستا کورد و سوننە باسی ناکەن لە کام لایەنەوە نزیکن چونکە چاوەڕوانی ئەنجامە کۆتاییەکانی هەڵبژاردن دەکەن کە دوای تانەکان چی بەسەردێت، خۆی ئێستا کێشەکە لەناو شیعەکان خۆیاندایە چونکە سەرۆک وەزیران لە شیعەکان دەبێت و دەشیانەوێت لەدەستی خۆیاندا بمێنێتەوە جا ئەوە دەکەوێتە سەر ئەوەی هەوڵەکانی ئێران و مەرجەعیەت تا چەند سەردەکەوێت وە چەند کاتی دەوێت ”

” ئێران هەوڵدەدات ئەم شکستەی خۆی بشارێتەوە و زۆر ڕوون نەبێت ”

بە بڕوای چاودێران ئەو بەرەیەی لە عێراقدا بە بەرەی ئێران ناسراوە زیاتر لە لایەنەکانی حەشدی شەعبی و مالکی ناودەبرێن، لەم هەڵبژاردنەدا ڕووبەڕووی شکست بوونەوە، لەبەرامبەردا بەرەی موقتەدا سەدر بەبەرەی دژی ئێران و وڵاتانی دەرەکی لەدەستوەردان لە کاروباری نێوخۆیی عێراق ناودەبەن”

د.مەحمود عوسمان دەڵێت” ئێران هەوڵدەدات کە ئەم شکستەی خۆی بشارێتەوە و زۆر ڕوون نەبێت هەوڵدەدات بە جۆرێک سەدر ڕازی بکات لایەنە شیعەکان بگەنە ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق. ”

” لایەنە کوردییەکان ڕاست ناکەن، یەکدەنگ نین و دژی یەکترن، یەکێتی و پارتی دژی یەکترن”

دەربارەی یەکدەنگی و یەکڕیزی کورد کە ئێستا لایەنە کوردییەکانی کوردستانی عێراق بانگەشەی بۆ دەکەن، د.مەحمود عوسمان بە ناڕاست وەسفی دەکات و دەڵێت” لایەنە کوردییەکان ڕاست ناکەن، یەکدەنگ نین و دژی یەکترن کوردەکان، یەکێتی و پارتی دژی یەکترن، ئەوانی تریش دژی یەکترن هەروا، بەداخەوە زۆریش ناڕێکن لە نێوان خۆیان لەوە ناچێت، بەڵام هەندێک مەسەلە هەیە کە کوردەکان بچنە بەغداد بیانەوێت یاخود نا یەک دەنگ دەبن وەک بابەتی پێشمەرگە و مەسەلەی نەتەوایەتی و ماددەی 140 بەڵام بۆ بابەتی تر یەک ڕیز نین. ”

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:06 0:00


XS
SM
MD
LG