Accessibility links

"له‌ژێر فشاردا بڕگه‌یه‌ك بۆ یاساكه‌ زیادكراوه‌ به‌مه‌رج ده‌نگی پێشمه‌رگه‌ پوچه‌ڵ ده‌كرێته‌وه‌"


مه‌سعود حه‌یده‌ر ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌سه‌ر فراكسیۆنی گۆڕان له‌په‌رله‌مانی عیراق

مه‌سعود حه‌یده‌ر ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عیراق ڕه‌خنه‌ له‌بڕیاره‌كانی په‌رله‌مانی عیراق ده‌گرێت و به‌بڕیاری سه‌رپێی و په‌رچه‌كرداری سیاسی لایه‌نه‌كان وه‌سفی ده‌كات، هه‌روه‌ها ده‌شڵێت" له‌ ئه‌نجامی ئه‌و فشارانه‌ی هه‌بوون ناچار ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان ئه‌و بڕگه‌یه‌یان بۆ هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان زیاد كرد كه‌ هه‌ر له‌خۆڕا ده‌نگدانی پێشمه‌رگه‌ هه‌ڵنه‌وه‌شێته‌وه‌ به‌ڵكو به‌مه‌رجی ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر ساخته‌كاری هه‌بوو ئه‌وكات ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی بابه‌ته‌كه‌ نه‌بێته‌ مه‌به‌ستی سیاسی ئه‌و لایه‌نانه‌ به‌ڵكو بابه‌ته‌كه‌ ته‌واو یاسایی و ده‌ستوری بێت، هه‌روه‌ك ڕه‌خنه‌ش له‌و لایه‌نانه‌ ده‌گرێت كه‌ پشگیری پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی ده‌نگی پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ن له‌هه‌رێمی كوردستان و ده‌ڵێت"ڕه‌نگه‌ ئه‌و حیزبانه‌ ده‌نگیان زۆر نه‌هێنابێت ئه‌وه‌ش هۆكاره‌ وایان كرد تا كاریگه‌ری به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر ده‌نگی پارتی و یه‌كێتی بكه‌ن كه‌ زۆرترین ده‌نگیان هێناوه‌ تا ئه‌و ده‌نگانه‌یان بكوژن."

مه‌سعود حه‌یده‌ر له‌سه‌ره‌تای گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ ژیار محه‌مه‌د له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا ده‌ڵێت" ئه‌و هه‌موو پێشێلكاریانه‌ی له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو عیراق له‌هه‌ڵبژاردنه‌كان كراوه‌ ئێمه‌ به‌هه‌موو شێوازێك هه‌موومان ڕه‌تی ده‌كه‌ینه‌وه‌ بۆیه‌ پێویست ده‌كات جارێكی تر وردبینی بكرێته‌وه‌ ئه‌و گومانانه‌ی لای خه‌ڵك و لایه‌نه‌كان هه‌ن بڕه‌وێنرێنه‌وه‌ تا هه‌ركه‌س و لایه‌نێك مافی خۆی وه‌ربگرێت."

حه‌یده‌ر وتیشی" ئه‌و بڕیارانه‌ی په‌رله‌مان تا ڕاده‌یه‌كی زۆر بڕیارێكی په‌رچه‌كردارانه‌ بوو، به‌ڵام خۆیان دواتر گه‌یشتنه‌ ئه‌و بڕوایه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌موار بكه‌ن، له‌هه‌مواری یاساكه‌شدا زۆر سه‌رپێی بوو مه‌دروس نه‌بوو."

مه‌سعود حه‌یده‌ر گومانی هه‌یه‌ له‌وه‌ی لایه‌نه‌ كوردییه‌كان له‌به‌رامبه‌ر سازشدا توانیبێتیان ده‌نگدانی پێشمه‌رگه‌ هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه‌ و ده‌ڵێت" زۆر له‌و بڕیارانه‌ی دراوه‌، بڕیاری سیاسی و په‌رچه‌كرداری سیاسین ئامانجی سیاسیان له‌پشته‌وه‌ بووه‌ ، وه‌ من بۆخۆم هاوكێشه‌كان ده‌زانم ڕه‌نگه‌ سازش كرابێت له‌نێوان كورده‌كان و عه‌ره‌به‌كان به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ی عه‌ره‌به‌كان پشتگیری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌نگی پێشمه‌رگه‌ بكه‌ن ئه‌وانیش پشتگیری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌نگی ئاواره‌كان بكه‌ن به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ وه‌ به‌تایبه‌تر له‌ چوار پارێزگا سوننه‌كه‌."

حه‌یده‌ر ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد دوای فشاره‌كان بڕگه‌یه‌ك له‌یاسا هه‌مواركراوه‌كه‌ی هه‌ڵبژاردن زیادكراوه‌ و ده‌ڵێت"به‌ڵام دوای ئه‌و كاردانه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ وه‌ كاردانه‌وه‌ی ناخۆ و هه‌رێمی ئه‌و یاسایه‌ی نێردراوه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تی كۆمار ئه‌م بڕگه‌یه‌ی بۆ زیادكراوه‌ ئه‌گه‌ر ده‌ركه‌وت ساخته‌كاری كراوه‌ دوای ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان ئه‌وكات ده‌نگدانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌ به‌س به‌ڕای من ئه‌و به‌ره‌ ناڕازیه‌ كوردیه‌ی كاری له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌نگی پێشمه‌رگه‌ كرد كه‌ بڕیارێكی سیاسی بوو به‌ڕای من ده‌بوو كاریان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكردایه‌ له‌سه‌رتاسه‌ری عیراق بێت نه‌ك هه‌ر كوردستان."

هه‌روه‌ها وتی" تانه‌ دراوه‌ له‌لایه‌ن ئه‌و لایه‌ن و كۆمسیۆنه‌وه‌ تا دادگای فیدراڵی یه‌كلایی بكاته‌وه‌ ئایا په‌رله‌مان ده‌توانێت ده‌نگی هه‌ركه‌سێك هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌ چ جای گروپێكی وا گه‌وره‌ به‌داخه‌وه‌ وه‌ك ئه‌زمونی خۆم حیزبی كوردی چوارچێوه‌یه‌كی ستراتیژی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی كورد نیه‌ ئه‌وه‌ی كه‌هه‌یه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی حزب و تاڕاده‌یه‌ك شه‌خسی بوو، ئه‌گه‌ر بڕوانین ئه‌گه‌ر (١٦٥) كه‌س ئاماده‌ی دانیشتنه‌كه‌ بوبێتن (١٣٠) كه‌سیان له‌وانه‌ن یا ده‌رنه‌چون یاخۆیان كاندید نه‌كردۆته‌وه‌، هه‌تا په‌رله‌مانتار هه‌بووه‌ وتویه‌تی ئێمه‌ سوپاسی خواده‌كه‌ین كه‌سه‌رۆكی په‌رله‌مان خۆی دۆڕاوه‌ ئه‌گه‌رنا ئه‌م دانیشتنانه‌ هیچ ڕێك نه‌ده‌خران، به‌داخه‌وه‌ حیزبی كوردی له‌مه‌شدا به‌رژه‌وه‌ندیه‌ كه‌سی و حیزبیه‌كانی پێش خست ئه‌گه‌رنا ناگونجێت ده‌نگدانی تایبه‌ت له‌كوردستان هه‌ڵبوه‌شێنیته‌وه‌ به‌ڵام پێی وابێت عیراق سویسرایه‌ ده‌نگدانی تایبه‌ت له‌وێ خاوێن بووه‌ ، به‌داخه‌وه‌ نه‌ده‌بوو ئه‌و پێشێلكاریه‌ گه‌وره‌یه‌ بكرێته‌ سه‌ر مافی پێشمه‌رگه‌."

ده‌رباره‌ی ڕه‌خنه‌ی لایه‌نه‌كان له‌كۆمسیۆن و تۆمه‌تباركردنیان به‌ ئه‌نجامدانی ساخته‌كاری مه‌سعود حه‌یده‌ر وتی" تۆمه‌ت زۆر ئاسان ده‌به‌خشرێت به‌ڵام ئه‌وه‌ كۆمسیۆنه‌ یه‌كلایی ده‌كاته‌وه‌ ئایا ساخته‌كاری كراوه‌ یاخود نا؟ دووه‌م ڕه‌نگه‌ ئه‌و حیزبانه‌ ده‌نگیان زۆر نه‌هێنابێت ئه‌وه‌ش هۆكاره‌ وایان كرد تا كاریگه‌ری به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر ده‌نگی پارتی و یه‌كێتی بكه‌ن كه‌ زۆرترین ده‌نگیان هێناوه‌ تا ئه‌و ده‌نگانه‌یان بكوژن ، ئه‌بێت حیزب بڕوای به‌وه‌ هه‌بێت كه‌ داموده‌زگا ئه‌م كاره‌ بكه‌ن كه‌ لێره‌شدا كۆمسیۆن و داموده‌زگای به‌رپرسن."

له‌كۆتایی گفتوگۆكه‌دا له‌گه‌ڵ ده‌نگی ئه‌مریكا مه‌سعود حه‌یده‌ر ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عیراق جه‌ختیكرده‌وه‌" له‌ ئه‌نجامی ئه‌و فشارانه‌ی هه‌بوون ناچار ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان ئه‌و بڕگه‌یه‌یان بۆ هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان زیادكرد كه‌ هه‌ر له‌خۆڕا ده‌نگدانی پێشمه‌رگه‌ هه‌ڵنه‌وه‌شێته‌وه‌ به‌ڵكو به‌مه‌رجی ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر ساخته‌كاری هه‌بوو تابابه‌ته‌كه‌ نه‌بێته‌ مه‌به‌ستی سیاسی ئه‌و لایه‌نانه‌ به‌ڵكو بابه‌ته‌كه‌ ته‌واو یاسایی و ده‌ستوری بێت."

XS
SM
MD
LG