بەرپرسان دەڵێن هێزەکانی ئەمەریکا و عێراق ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشییان ئەنجامداوە دژی چەکدارانی داعش لە بیابانی ڕۆژئاوای وڵاتەکە و بەهۆیەوە لانیکەم 15 کەس کوژران و حەوت سەربازی ئەمەریکایی بریندار بوون.
چوار ساڵ دوای شکستهێنان بە چەکدارانی داعش لە سەرانسەری عێراق و سوریادا، هێزەکانی ئەمەریکا شەڕییان لەگەڵ چەکدارانی داعشدا کردووە، بەڵام قوربانییەکانی ئەمجارە زیاتر بوون وەک لەوانی پێشوو.
سەرکردایەتی ناوەندی ئەمەریکا وتی چەکدارەکان چەندین " چەک و تەقەمەنی و نارنجۆک و پشتێێنی خکوژییان پێبووە "، هێزەکانی عێراق وتییان ئۆپەراسیۆنەکە لە بیابانی ئەنبار ئەنجام دراوە.
سەرکردایەتی ناوەندی ئەمەریکا وتی " ئەم ئۆپەراسیۆنە سەرکردەکانی داعشی کردە ئامانج بۆ تێکدان و کەمکردنەوەی توانای داعش بۆ پلاندانان و ڕێکخستن و هەروەها هێرشکردنە سەر هاووڵاتیانی سڤیلی عێراقی و هاووڵاتیانی ئەمەریکایی و هاوپەیمانان و هاوبەشەکان لە ناوچەکە و دەرەوەشدا."
وتیشی " هیچ ئاماژەیەک نیە لەسەر زیانگەیشتن بە هاووڵاتیانی سڤیل."
سوپای عێراق وتی " لە نێو کوژراوەکاندا سەرکردە باڵاکانی داعشییان تێدا بووە." بەڵام ئاشکرای نەکردن. وتیشی " سەرجەم حەشارگەکان و چەک و پشتیوانییە لۆجیستیکییەکان لە ناوبراون، پشتێنی تەقەمەنییەکانیش بە شێوەیەکی پارێزراو تەقێندراونەتەوە، هەروەها دەست گیراوە بەسەر بەڵگەنامە گرنگەکان و ناسنامە و تەلەفونەکانییاندا."
بەرپرسێکی ئەمەریکایی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە دەزگای هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێسی وت پێنج سەربازیی ئەمەریکایی برینداربوون، دوو سەربازی دیکە لە کەوتنە خوارەوەدا لە ماوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا زیانییان بەرکەوتووە. یەکێکییان لە کاتێکدا کە گواستراونەتەوە کەوتووەتە خوارەوە.
وتیشی " سەرجەم سەربازەکان دۆخییان جێگیرە."
جێی ئاماژەیە ئۆپەراسیۆنەکە ڕۆژی پێنجشەممە ئەنجام دراوە.
دەستبەجێ نەزاندراوە بۆچی دوو ڕۆژ دوای ئۆپەراسیۆنەکە ئەمەریکا ئاماژەی بەوەداوە کە بەشدار بووە لە هێرشەکەدا، عێراق سەرەتا کە ئۆپەراسیۆنەکەی ڕاگەیاند ئاماژەی بەوە نەدا کە ئەمەریکا بەشداری دەکات، ئەمە لە کاتێکدایە کە سیاسییەکان تاوتوێی داهاتووی بوونی هێزەکانی ئەمەریکا دەکەن لە وڵاتەکەدا. نزیکەی 2500 سەربازی ئەمەریکایی لە عێراقدا هەن.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا/AP