Accessibility links

بلینکن داوای پاراستنی بنکە ئەمەریکایی و نێودەوڵەتییەکان لە عێراق دەکات


ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە کە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ئێوارەی ڕۆژی هەینی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ محەمەد شیعە ئەلسودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، داوای لێکردووە ئەو وڵاتە ئەو بنکە سەربازییانە بپارێزێت کە هێزە ئەمەریکایی و نێودەوڵەتییەکانی تێدا جێگیرکراون.

بلینکن لە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و لە پەیوەندییە تەلەفوونییەکەیدا داوای لە سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە هەموو ئەو دامەزراوانە بپارێزێت کە میوانداری کارمەندانی سەربازی ئەمەریکایی دەکەن و هەروەها ئەو کەسانەش دەستگیر بکات کە بەرپرسن لە هێرشکردنە سەر سەربازە ئەمەریکاییەکان لە عێراق و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکات.

شایانی باسە ئەو گفتوگۆیە دوای زیادبوونی هێرشی موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق ئەنجامدراوە. کەتایب حیزبوڵڵای عێراق کە سەر بە هێزی قودسی سپای پاسدارانی ئێرانە، بەرپرسیارێتی بەشێک لەو هێرشانەی لە ئەستۆ گرتووە.

هەر لەم چوارچیوەیەدا ڕۆژنامەی تایمز ی ئیسڕائیل ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند سەرۆک وەزیری عێراق محەمەد شیاع سودانی لەو پەیوەندییە تەلەفوونییەدا هۆشداری داوەتەوە ئەمەریکا دژی " ئەنجامدانی هەر هێرشێک " لەسەر خاکی عێراق.

هەروەها فرانس پرێس لە هەواڵێکدا سەبارەت بەم بابەتە نووسیوێتی سودانی لە ماوەی پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن هۆشداری داوەتە واشنتن لە هەر "هێرشێک" کە لەوانەیە لەلایەن هێزەکانی ئەمەریکاوە بۆ سەر خاکی وڵاتەکەی ئەنجام بدرێت.

بەپێی سەرچاوە ئەمەریکایی و عێراقییەکان، لە 22 ی مانگی یانزەدا فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەمەریکا هێرشی ئاسمانییان کردە سەر دوو ئامانج لە عێراق و بەهۆی هێرشەکەوە دوو چەکداری لایەنگری ئێران کوژران، ئەوەش لە وەڵامێکدا بۆ هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئەمەریکا.

بەپێی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا، چەند کاتژمێرێک پێش ئەو هێرشە، فڕۆکەیەکی جەنگی ئوتومبێلێکی سەر بە چەکدارانی لایەنگری ئێرانی کردە ئامانج، ئەوەش دوای ئەوەی چەکدارەکان موشەکێکی باڵیستیکی مەودا کورتییان ئاڕاستەی سەربازانی ئەمەریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان هەڵدا.

بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا دەڵێن ئەو هێرشانەی ئەمەریکا دوای ئەوە بوون کە هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا و عێراق لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەی ناو غەززەوە 74 جار کراونەتە ئامانج، زیادبوونی هێرشەکانیش پەیوەستە بە جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسەوە.

سودانی هەروەها لە پەیوەندییە تەلەفوونییەکەدا لەگەڵ بلینکن گوتویەتی حکومەتی عێراق پابەندە بە " دڵنیابوونەوە لە پارێزراویی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی لە عێراق."

لە دوای هێرشی گرووپی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل کە بووە هۆی شەڕی ئەو وڵاتە لە دژی حەماس لە غەززە، دەیان هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا ئەنجام دراوە و ئەمەریکاش وەک وەڵامی ئەو هێرشانە، چەندین جار عەمباری چەک و تەقەمەنی و بنکەی چەکدارانی سەر بە ئێرانی لەو دوو وڵاتەدا کردووەتە ئامانج.

هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا لە عێراق بوونە هۆی کوژرانی نۆ چەکدار، ئەوەش بەپێی ئەو ژمارانەی کە لیواکانی حیزبوڵا بڵاوییان کردووەتەوە کە فراکسیۆنێکی گرنگە لە نێو حەشدی شەعبیدا.

سەرچاوەکان/ تایمزی ئیسرائیل/ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا-فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG