Accessibility links

عێراق: کوژرانی نزیکەی 560 کەس لە خۆپیشاندانەکانی دژ بە حکومەتدا


حکومەتی عێراق دەڵێت نزیکەی 560 خۆپیشاندەر و پۆلیس لە خۆپیشاندانەکانی دژی حکومەتدا کوژراون.

حکومەتەکەی سەرۆکی وەزیری نوێی عێراق مستەفا کازمی بەڵێنیداوە لێکۆڵینەوە لە کوژران و زیندانیکردنی سەدان خۆپیشاندەر بدات.

ئەو ژمارەیەشی حکومەتی عێراق بڵاویکردۆتەوە لەو ژمارەیەوە نزیکە کە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و کۆمەڵانی مافی مرۆڤ بڵاویانکردۆتەوە.

هیشام داودی ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیری عێراق بە ڕۆژنامەنووسانی وت حکومەت وەکو " شەهید " مامەڵە لەگەڵ هەموو ئەو 560 کەسەدا دەکات و بڕی 10 ملیۆن دینار وەکو قەرەبوو دەدرێت بە خێزانەکانیان.

لە مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوودا خۆپیشاندانەکان دژی حکومەتی عێراق دەستیان پێکرد و چەند مانگێک بەردەوام بوو. خۆپیشاندەران لە میانەی خۆپیشاندانەکاندا داوای هەلی کار و خزمەتگوزاری و دەست لەکارکێشانەوەی کاربەدەستانی حکومەتیان دەکرد.

خۆپیشاندانەکان بوونە هۆی ئەوەی سەرۆک وەزیری پێشووی عێراق عادل عەبدولمەهدی دەست لەکارەکەی بکێشێتەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە وەزیری ناوخۆی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی ئەو لیژنەیەی کە بۆ لێکۆڵینەوە لە کوژرانی دوو خۆپیشاندەرەکەی ڕۆژی یەکشەممە پێکهێندرا فەرمانی کردووە بە لەکارلابردنی سێ پۆلیس و ڕەوانەکردنیان بۆ دادگا، ئەوەش بەهۆی ئەوەی تفەنگی ڕاویان دژی خۆپیشاندەران بەکارهێناوە.

وتیشی لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی لیژنەکەدا دەرکەوتووە تفەنگی ڕاوکردن دژی خۆپیشاندەران بەکارهێندراوە.

ئەوەشی خستەڕوو لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریانخستووە ئەم تفەنگە لەلایەن دوو ئەفسەر و پۆلیسێکەوە بەکارهێندراوە، وتیشی بەم کارەیان ئەو ڕێنماییانەیان پێشێلکردووە کە دەدرێت بە ‌هێزەکانی ئاسایش لەکاتی مامەڵەکردنیان لەگەڵ خۆپیشاندەراندا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG